دیجیتاڵ
بڕیاری گۆڕینی رەنگی کورسییەکانی یاریگای فرانسۆ هەریری هەڵدەوەشێنرێتەوە و رەنگەکانی یاریگای یانەی هەولێر وەکو خۆی دەمێننەوە و گۆڕانکاریی تێدا ناکرێت.
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی بە کارگێڕیی یانەکە راگەیاندووە، کورسییەکانی یاریگا پێویستە وەکو سەرجەم یانەکانی جیهان گوزارشت بێت لە لۆگۆ و ئاڵای یانەی هەولێر. واتە دەبێت رەنگەکانی زەرد و سپی یان زەرد و رەش بێت.
بەپێی بەدواداچوونی سپۆرتس، یانەی هەولێر راستەوخۆ دوای پەیوەندییەکەی پارێزگاری هەولێر پەیوەندیی بە کۆمپانیای جێبەجێکارەوە کردووە، بۆ ئەوەی دروستکردنی کورسییەکانی یاریگای یانەکە رابگرن تاوەکو کارگێڕیی یانەکە بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات.
بڕیاری راگرتنی گۆڕینی رەنگی کورسییەکانی یاریگای هەولێر لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە، لەکاتێکدا هاندەرانی یانەی هەولێر ناڕەزایەتییان بەرامبەر بڕیاری گۆڕینی کورسیی یاریگاکەیان لە زەرد و رەشەوە بۆ مۆر و سپی پێشاندا.
ئەمڕۆ دەست بە هەڵگرتنی کورسییەکانی یاریگای فرانسۆ هەریری کراوە، شوێنی هاندەران، شوێنی کەسایەتییەکان، رۆژنامەڤان، ژووری جلگۆڕین و شوێنی دانیشتنی یاریزانانی یەدەگ لە یاریگاکە دەگۆڕدرێن و بڕیارە تاوەکو 25ـی مانگی داهاتوو سەرجەم کارەکانی تەواو بکرێن.




