دیجیتاڵ
رافینیای بەرازیلی، بەردەوامە لە درەوشانەوە سەرنجڕاکێشەکانی لە لالیگا. ئەو هێرشبەرە پێشەوایەتیی بارسێلۆنای کرد بۆ بردنەوە لە سێڤییا بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، رافا تۆمارکەری هەرسێ گۆڵەکەی بارسا بوو.
لەپشت درەوشانەوەی رافینیاوە، ناتالیا رۆدریگێز بیلۆلی، ئەو ئافرەتەیە کە نەخشەداڕێژی سەرکەوتنەکانی هاوژینەکەیەتی.
ناتالیا ساڵانێکی زۆرە یاوەری رافایە لە گەشتەکانی لە یاریگاکانی ئەورووپا. ئەو لەسەرەتاکانی دەرکەوتنەوە، تاوەکو گەیشتن بەلووتکە لەگەڵی بەردەوامە، هەموو کات لە تەنیشتی راوەستاوە.
ناتالیا رۆدریگێز بیلۆلی لەدایکبووی 1998ە. تەمەنی 27 ساڵە، نمایشکاری جلوبەرگ و کەسایەتییەکی ناسراوی نێو سۆشیال میدیایە. 1،7 ملیۆن فۆڵۆوەرسی لە ئینستاگرام هەیە.
چیرۆکی ناتالیا و رافینیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی منداڵییان، دوای ئەوەی هەرزوو یەکدییان ناسی و بۆ ماوەیەکی درێژ وەک هاوڕێ مانەوە، بەرلەوەی پەیوەندییەکەیان سەربکێشێت بۆ خۆشەویستی.
ناتالیا لە کاروانەکانی یەکەمی پیشەگەریی رافینیادا، هەردەم لەگەڵیدا بوو، ئەوکاتانەی رافا هەوڵیدەدا لە یاریگا ئەورووپییەکاندا شوێنپییەک بۆخۆی بکاتەوە لە یانەکانی وەک ڤیتۆریا، سپۆرتینگ و لیدز یونایتد، ئەو هەمیشە ئامادەبوو.
گەشتی ئەو دووانەیە لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێیان بۆ شاری کانکۆنی مەکسیکی، بەوێستگەیەکی گرنگی ژیانی ئەو دووانەیە دادەنرێت، سەرچاوەکان دەڵێن لەوێ، رافا و ناتالیا، خۆشەویستییان بۆ یەکدی ئاشکرا کردووە.
لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کاروانی رافینیا و چوونە بارسێلۆنا و بوون بە یاریزانی سەرەکی لە هەڵبژاردەی بەرازیل، ناتالیا لەپاڵ رافادا مایەوە.
ناتالیا لەبارەی پەیوەندی خۆی و رافاوە دەڵێ، "رافینیا تەواو پێچەوانەی منە. رافا تاکەکەسە لە ژیانمدا بینیبێتم هەموو شتێکی بەپێچەوانەی منەوە بێت".
ئەو زیاتر دەڵێ، "رافا دژەکەی منە، لە ژیانمدا هیچ کەسێکم نەبینیوە هێندەی ئەو بەپێچەوانەی منەوە بێت، من وەک زریانم، ئەو هەموو کات کەسە ئارامەکەیە".
زیاتر دەڵێ، "رۆژگار فێری کردم کە شتەکان بەهاوارکردن چارەسەر نابن، بەڵکو بەخۆشەویستی، ئەو ژیانی منی گۆڕی بۆ باشتر، یان روونتر بڵێم، هاوکارم بوو لە دۆزینەوەی ناسنامەی خۆم، بەو شێوەیەی کە لە یەکەم ناسینماندا هەمبوو".
ساڵی 2022 پەیوەندییەکەی نێوان رافا و ناتالیا بووە هاوژینی و قۆناخێکی نوێ لە ژیانیاندا دەستیپێکرد.
ساڵی 2023 گایلی یەکەم منداڵ لە نێوانیاندا لەدایکبوو، ئێستا ئەو سیانەیە بەردەوام لە سۆشیال میدیادا دەردەکەون.
ناتالیا تەنیا لە ژیانی کەسیدا پشتگیریی هاوژینەکەی ناکات، بەڵکو ئەو بەردەوام سوورە لەسەر ئامادەبوون لە یارییەکانی هاوژینەکەی، لەسەر پلیکانەی یاریگاکان دەردەکەوێت و پشتگیریی دەکات.




