بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

دوای 12 ساڵ، مۆرینیۆ و سیمیۆنی رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە

دوای 12 ساڵ، مۆرینیۆ و سیمیۆنی رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە

دیجیتاڵ

دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید ئاشکرایکرد، رێزی زۆری جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری ریال مەدرید دەگرێت. قسەکانی راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە بەر لە رووبەڕووبوونەوەی جارێکی دیکەی بوو لەگەڵ مۆرینیۆ، پاشئەوەی یەکەم بەریەککەوتنی نێوانیان لە 2014 روویدا.

ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 17:15 بەکاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگای میترۆپۆلیتانۆ، هەردوو یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و ریال مەدرید، لە دێربیی مەدریددا بەیەکدەگەن.

بەر لە یارییەکە، ریال مەدرید بەجیاوازی دوو خاڵ لە پێش رکابەرەکەیەتی (لەدوای بارسێلۆنای پێشەنگی ریزبەندییەکە)، پاشئەوەی هەردوو یانە شەش یارییان لە رکابەرییەکانی ئەمساڵی لالیگا ئەنجامدا.

رێزی زۆری مۆرینیۆ هەیە وێڕای بەریەککەوتنی تووندی نێوانیان، سیمیۆنی دووپاتیکردووەتەوە، ئەو لەسەر یادەوەرییەکانی رکابەریی کۆنی نێوانیان ناژی، دووپاتیکردووەتەوە پێزانینی زۆری بۆ مۆرینیۆ و کاروانی گەورەی راهێنەرایەتی ئەو هەیە.

راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی بەر لە یارییەکەدا دەڵێ، "من لەو کەسانە نیم کە لەسەر یادەوەریی ئەو شتانە بژی کە ساڵانێک لەمەوپێش روویانداوە. رێزی زۆرم بۆ مۆرینیۆ هەیە و دەمێکە من سەرسامم بەکارەکانی، زۆریش تەماشای یارییەکانی ئەوم کردوە".

ئەو هەروەها دەڵێ، "مۆ خۆی دەزانێت من چەند پێزانینم بۆی هەیە، هیوادارم لە یارییەکەی ئەمجارەدا رکابەریی بکەین، وەکئەوەی پێشتر کردوومانە".

دوایین بەریەککەوتنی نێوانئەو دوو راهێنەرە لە مانگی چواری 2014 بوو، کاتێک سیمیۆنی پێشەوایەتیی ئاتلێتیکۆ مەدریدی کرد بۆ دوورخستنەوەی چێڵسیی مۆرینیۆ لە چامپیۆنزلیگ.

دوایین یاریی دێربیش کە ئەو دوو راهێنەرەی کۆکردبێتەوە، لە 2013 بوو کاتێک مۆرینیۆ پێشەوایەتیی ریال مەدریدی کرد، بۆ بردنەوە لە ئاتلێتیکۆ بە 2 - 1 گۆڵ.

مۆرینیۆ چی دەڵێت؟ لای خۆیەوە، جۆزێ مۆرینیۆ، دوودڵنەبوو لە پەسندانی دۆخی ئاتلێتیکۆ و راهێنەرەکەی. ئەو راهێنەرە وایداناوە کە ئەو یانەیە، یەکێکە لە بەربژێرەکان بۆ بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا.

سپێشەڵ وەن، پۆزەتیڤانە باسی سیمیۆنی کردووە و دووپاتیکردووەتەوە پەیوەندی نێوانیان لەسەر بنەمای رێزی زۆرە، ئەگەرچی رکابەریی تووند لە نێوانیاندا هەیە.

مۆرینیۆ دەڵێ، "بەدرێژایی کاروانی کارکردنمان، زۆر شتی نالۆژیکی دەڵێین، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ رابردوو، دەبینین کەسمان نییە وای نەکردبێت، هەندێکجار شتێک دەڵێین پەیوەندی بەیەک ساتەوە هەیە کە قسەکەی تێدا دەکەین".

مۆرینیۆ پێزانینی خۆی بۆ سیمیۆنی دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە دڵخۆشبووە، کاتێک بانگهێشتکراوە بۆ بینینی دۆکۆمێنتارییەک لەبارەی سیمیۆنییەوە.

"پەیوەندییان پێوەکردم بۆ بینینی فیلمێکی دۆکۆمێنتاری لەبارەی سیمیۆنییەوە، بۆ یەک خولەکیش دوودڵ نەبووم. ئەو دەزانێت من چۆن بیر لەو دەکەمەوە، یەکەم شت رێز، پاشان ئێمە رکابەرین و لە جەنگدانین بەرامبەر یەکدی".

هەردوو راهێنەر، پێشتر شەش جار رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، یاریی ئەمڕۆیان دەبێتە حەوتەم یاریی نێوانیان.

لە بەریەککەوتنە راستەوخۆکاندا، مۆرینیۆ سێ بردنەوەی هەیە، سیمیۆنی دوو بردنەوەی هەیە، یەک یارییش بەیەکسانبوون لە نێوان هەردوو راهێنەر کۆتایی هاتووە.

سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان