دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی فەرەنسا ئاشکرایانکردووە، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بڕیاریداوە هەڵمەتێکی گەورەی پشتگیری بۆ کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەکە رێکبخات، لەپێناو بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆری ئەمساڵ.
سەرچاوەکان دەڵێن، ریال مەدرید لەپێناو بردنەوەی خەڵاتەکەی فرانس فوتبۆڵ لەلایەن ئێمباپێوە، کۆپیی ستراتیجێکی پێشتری خۆی دەکات کە 13 ساڵ لەمەوپێش ئەنجامیدا، لەپێناو کریستیانۆ رۆناڵدۆ.
کیلیان یەکێکە لە بەربژێرە سەرەکییەکانی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆری ئەمساڵ. ئەو یاریزانە ئەگەرچی لەگەڵ ریال مەدرید و فەرەنسا هیچ نازناوێکی نەبردووەتەوە، بەڵام گۆڵکاری وەرزەکە بووە لە لالیگا، چامپیۆنزلیگ و مۆندیال، ژمارەی پێوانەیی زۆرترین گۆڵیشی لە مێژووی مۆندیالدا شکاندووە.
هەریەکە لە هاری کەین، لامین یامال، لیۆنێل مێسی و رۆدری رکابەری سەرەکیی کیلیانن لە بەدەستهێنانی خەڵاتەکە.
رۆژنامەی 'لیکیپ'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید پلانیداناوە بۆ بەکارهێنانی هەموو ئەو هەژموون و دەسەڵاتەی هەیەتی، بەرلەوەی براوەی باڵۆندۆری ئەمساڵ ئاشکرابکرێت، لەپێناو زیاتر بەرچاوخستنی ئەوەی ئێمباپێ لە وەرزەکەدا کردوویەتی.
رۆژنامەکە دەڵێ، لە چەند هەفتەی داهاتوودا، پێشبینیکراوە ئەفسانە و ئەستێرە گەورەکانی ریال مەدرید، لە میدیاکاندا دەربکەون بۆ پشتگیری هێرشبەرەکەی ریال مەدرید.
پلانەکە روونە و دووبارەکردنەوەی هەمان هەنگاوە کە پێشتر یانەکە گرتوویەتییە بەر، بریتی دەبێت لە قسەکردنی ئەفسانەکان و نوێنەرە ناسراوەکانی یانەکە، لە چاوپێکەوتنی جیاوازی میدیایی، بەرنامەی تەلەڤیزیۆنی و گفتوگۆ لەگەڵ هاندەران.
ئەو ستراتیجەی ئێستا یانەکە پەنای بۆ دەبات، دووبارەکردنەوەی هەمان ستراتیجی یانەکەیە کە ساڵی 2013 پەنای بۆ برد، کاتێک بەهەڵمەتێکی گەورە، پشتگیری کریستیانۆ رۆناڵدۆی کرد لە پێشبڕکێی بەدەستهێنانی باڵۆندی ئەو ساڵەدا. ئەوکات هەریەکە لە ئەلفرێدۆ دی ستیڤانۆ، ئیمیلیۆ پۆتراگینۆ، کارلۆ ئەنچێلۆتی، ئیکەر کاسیاس و سێرجیۆ رامۆس، بەئاشکرا پشتگیریی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە، لەلایەن رۆناڵدۆوە دەربڕی.
لە کۆتاییشدا، رۆناڵدۆ بەسەر هەریەکە لە لیۆنێل مێسی و فرانک ریبێری، رکابەرانی سەرسەختیدا سەرکەوت و خەڵاتەکەی بردەوە.
بڕیارە رۆژی 26ی مانگی داهاتوو، براوەی خەڵاتەکەی ئەمساڵ رابگەیێنرێت، لە کاتێکدا پێشبڕکێی یەکلاکەرەوە لە هەشتی ئەم مانگەوە دەستیپێکرد، پاشئەوەی گۆڤاری 'فرانس فوتبۆڵ'ی بەخشەری خەڵاتەکە، لیستی کۆتایی 30 بەربژێری بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە بڵاوکردەوە.
ئاهەنگی ئاشکراکردنی ناوی براوەی باڵۆندۆری ئەمساڵ، لە ئاهەنگێکی گەورەدا لە لەندەن ئاشکرا دەکرێت. تاوەکو ئێستا لیۆنێل مێسی بە هەشت خەڵات و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە پێنج خەڵات، سەر لیستی براوە مێژووییەکانی پاڵەوانێتییەکەن.
براوەی خەڵاتی باڵۆندۆر، لەلایەن 100 رۆژنامەنووسی ئەو سەد وڵاتەوە دەستنیشاندەکرێت، کە هەڵبژاردەکانیان لە سەد ریزبەندی فیفان.




