دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەکرێت، بۆ ئەنجامدانی دوایین یاریی بەدرێسی هەڵبژاردەکە و ماڵئاواییکردنی لە هاوڕێ و هاندەرانی.
ئەرجەنتین سێ یاریی دۆستانە ئەنجامدەدات، بۆ دوایین یاریی دۆستانە بەرامبەر هەڵبژاردەی بەنین، لیۆنێل مێسی بانگهێشتکراوە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی شایستە رێز لە کاروانی ئەو یاریزانە بگیرێت و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە هاندەرانی ئەرجەنتین بکات و دوایین یاریی بەدرێسی هەڵبژاردەکەوە ئەنجامبدات.
کلاودیۆ تاپیا، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین دەڵێت "بۆ هەموو هاندەرانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و هەموو ئەرجەنتینییەکان، دەمەوێت رایبگەیەنم کە دوای چاوپێکەوتنمان لەگەڵ لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەکەمان، بڕیارماندا باشترین یاریزانی جیهان و کاپتنمان لیۆنێل ئاندرێس مێسی، کە سیمبولی هەڵبژاردەکەمانە، بانگهێشت بکەین بۆ ماڵئاواییکردن، لە 6ـی10ـی2026 لێرە لە ئەرجەنتین."
تاپیا گوتی "لەهەمانکاتدا دوای وەرگرتنی رەزامەندی لیۆنێل بڕیارماندا سەرجەم پاڵەوانانی جیهان بانگهێشت بکەین، کە لە مۆندیالی 2022ـی قەتەردا لەگەڵیدا یارییان کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزانەکانیان لەگەڵیدا بەشداری بکەن لەم یارییەدا، کە بۆ هەموو ئەرجەنتین و هاندەرانی هەڵبژاردەی نیشتمانی لەبیر نەکراو دەبێت. "
مێسی بانگهێشتەکەی قبوڵ کردووە و رۆژی 6ـی مانگی داهاتوو تایبەت و پڕ لە هەست دەبێت، کاتێک بۆ دوایینجار لیۆ بەدرێسی تانگۆوە یاریی دەکات و لە بۆینس ئایرێس ماڵئاوایی لە هاندەرانی هەڵبژاردەکە دەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لیۆنێل مێسی، لە پەیامێکدا رایگەیاند واز لە یارییکردنی نێودەوڵەتی دەهێنێت و گوتی "بڕیارەکە ئازاربەخش بوو، بەڵام هەستدەکەم ئێستا گونجاوترین کاتە بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە بدەم، دوای بەدەستهێنانی هەموو دەستکەوتە گەورەکان و تۆمارکردنی مێژووییەکی پڕ لە شانازی."




