دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ئێلچی یاریی دەکات.
لۆس بلانکۆس رۆژی دووشەممە دوایین مەشقەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا، دوای بردنەوەی لە ئینتەرمیلان لە چامپیۆنزلیگدا و سەرکەوتنی بەرامبەر رایۆ ڤایکانۆ دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
ئێلچی لە دۆخێکی خراپدایە، یانەکە لە پێنج یاریی رابردوودا تەنیا دوو خاڵی کۆکردووەتەوە، سێ یاریی دۆڕاندووە و دووجار یەکسانبووە، بۆیە ئەمشەویش بەرامبەر ریال مەدرید ئەرکی ئاسان نییە.
ریال مەدرید 25 یاریی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر ئێلچی ئەنجامداوە، 11 یاریی بردووەتەوە، 6 جار دۆڕاوە و 8 جار یەکسانبووە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندی یانەی ریال مەدرید گەیشتە ڤالێنسیا و چووە شوێنی مانەوەی، بۆ ئەوەی دوایین ئامادەکاری بۆ یارییەکەی ئەمشەویان بەرامبەر یانەی ئێلچی بکات.
ریال مەدرید لەم وەرزەدا 5 یاریی ئەنجامداوە، 4 بردنەوە و دۆڕانێکی هەیە، تاوەکو ئێستا 14 گۆڵی تۆمارکردووە و 4 گۆڵی لێکراوە، یانەکە بە 12 خاڵ پلەی دووەمی ریزبەندی گرتووە و بە جیاوازیی 3 خاڵ لە دوای یانەی بارسێلۆنای دووەمە.
هەر ئەنجامێک جگە لە بردنەوە لە یارییەکەدا لە بەرژەوەندی ریال مەدریددا نییە، بەتایبەت کە یانەی ریال بێتیسی سێیەمی ریزبەندی خولەکە هەمان ژمارەی خاڵەکانی ریال مەدریدی هەیە و ئالاڤێش، ئاتلێتیکۆ مەدرید و سێڤییاش دوو خاڵ لەو یانەیەوە دوورن.
ئێلچی لەم وەرزەدا لە 5 یارییدا 13 گۆڵی لێکراوە و تەنیا 6 گۆڵی کردووە، یانەکە لە گەڕی دووەمی لالیگادا بەرامبەر بارسێلۆنا یارییکرد و بە 5-0 یارییەکەی دۆڕاند. بۆیە نایەوێت بەرامبەر ریال مەدرید هەمان چارەنووسی هەبێت.




