بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

میدیای ئیسپانیا: ئەگەر ئەمساڵ باڵۆندۆر نەدرێتە لامین، لە ناهەقییەکەی 2010 گەورەتر دەبێت

میدیای ئیسپانیا: ئەگەر ئەمساڵ باڵۆندۆر نەدرێتە لامین، لە ناهەقییەکەی 2010 گەورەتر دەبێت

دیجیتاڵ

رۆژنامەنووسانی ئیسپانیا پێیانوایە، ئەگەر باڵۆندۆری ئەمساڵ نەدرێتە لامین یامالی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی بارسێلۆنا، دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ئەو ناهەقییە دەبێت کە دوای مۆندیالی 2010، لە یاریزانانی ئیسپانیا کرا.

مشتومڕ و هەڵمەتی گەورەی یاریزانان و یانەکان، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باڵۆندۆری ئەمساڵ دەستیان پێکردووە، لامین یامال خۆی خستووەتە نێو پێشبڕکێی گەورەی خەڵاتەکەوە و لە چەندین لێدواندا دووپاتیکردووەتەوە، خۆی بەشایستەترین دەزانێت، بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە.

لامین لە نوێترین لێدواندا گوتوویەتی، "باڵۆندۆر دەدەمە کێ؟ بێگومان بەباشترین یاریزانی جیهان و ئێستا تەنیا دوو باشترین یاریزان هەن لە جیهاندا، ئەمساڵ من شایستەی خەڵاتەکەم، بەلای منەوە، من و ئێمباپێ باشترین یاریزانی ئێستای جیهانین، ئەوە زۆر روونە و هەر کەس یارییەکان ببینێت، ئەو راستییە دەبینێت".

لە نێو هەڵمەتی بەرپاکراوی پڕوپاگەندەی میدیاکان بۆ شایستەترینی بردنەوەی خەڵاتەکە، ئانتوان میانای رۆژنامەنووسی ئیسپانی پێیوایە لامین یامال وەک ئامانجێکی کەسی، مامەڵە لەگەڵ خەڵاتەکەدا دەکات، بەپێچەوانەی ئەو ئەفسانانەی پێشتر لە بارسێلۆنا بەدەستیان هێناوە.

میانا دەڵی، "لامین لەپێناو باڵۆندۆردا یارییدەکات، بەر لە چەند رۆژێک یانەکەی هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لەبارەی بەربژێربوونییەوە دەرنەبڕیبوو، بەڵام ئێستا کارەکە بووەتە کۆدەنگی، راهێنەر، سەرۆک و بەڕێوەبەری وەرزشی پشتگیری دەکەن".

ئەو هەروەها دەڵێ، "هەمووان دەڵێن لامین شایستەیە، لامین خۆیشی بەئاشکرا هەمان شت دەڵێت، لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسیی بەر لە یارییەکەی چامپیۆنزلیگدا و لە شوێنی دیکەشدا هەمان شتی دووبارە کردووەتەوە".

ئەو هەروەها دەڵێ، "مێسی بۆ باڵۆندۆر یاریی نەدەکرد، بەڵکو ئەو تەنیا بۆ بردنەوەی نازناوەکان یارییدەکرد، بەڵام لامین بەدرێژایی کات بیر لە باڵۆندۆر دەکاتەوە، ئەوە بووەتە حەزێکی گەورە بۆی، دەیەوێت بەو تەمەنە بچووکەوە بیباتەوە".

میانا پشتگیری لامین دەکات، ئەو پەنایێکی مێژوویی بردووە کە پێیوایە ناهەقییەکی گەورەی تێدا کراوە، ئەویش مۆندیالی 2010 بوو، کاتێک ئەڵمانیا لە ئەرجەنتینی بردەوە بە چوار گۆڵ لە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە و  ئیسپانیا بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوەکەی بردەوە، بەڵام لە کۆتاییدا لەبری ئینێستا و چاڤی، مێسی خەڵاتەکەی بردەوە.

لەهەمان چوارچێوەدا، میانا دەڵێ، "ئەگەر ئەمساڵ خەڵاتەکە لەدەست بدەین، ئەوە ناهەقییەکە، ناخۆشتر لەوەی لە 2010 بەسەر یاریزانانی ئیسپانیا هێنرا".

ئەو رۆژنامەنووسە باسی ئەوەیکردووە، کە لامین جیا لە درەوشانەوە لە ئیسپانیا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، پێشەوایەتیی هەڵبژاردەکەی کردووە، بۆ بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال.

لویس فلاکێری شرۆڤەکاری تۆپی پێ، هاوڕای ئەو رۆژنامەنووسەیە و دەڵێ، "ئەگەر رکابەرییەکە لە نێوان لامین و ئێمباپێدا قەتیس بمێنێت، ئەوکات نازناوی تیپەکان یەکلاکەرەوە دەبێت و بەو پێیەش، لامین دەبێ خەڵاتەکە بباتەوە، چونکە یەکێک لە مەرجەکانی خەڵاتەکە، نازناوی بەکۆمەڵە".

ئەو زیاتر دەڵێ، لە رووی بەهرەوە جیاوازییان هەیە، وەک لامین دەڵێ، هەردووکیان باشترینی جیهانن، بەڵام ئەوەی یەکلایی دەکاتەوە، نازناوی بەکۆمەڵەکە و لەوەدا، لامین لەپێش ئێمباپێوەیە.

لای خۆیەوە جۆردی مارتی، رۆژنامەنووس ئاشکرایکردووە، ستراتیژیەتێکی تەواو لە مامەڵەی بارسێلۆنا لەگەڵ خەڵاتەکە هەیە، بەتایبەت بۆ بەربژێرکردنی لامین یامال.

ئەو دەڵێ پێموایە بارسا پشتگیریی یاریزانەکەی دەکات، بوونی ئەو هەموو براوەیەی مۆندیال، رۆڵی دەبێت لە یەکخستنی دەنگەکان و بڕوام وایە ئەوەی لە یاریگادا روودەدات گرنگترینە، بەڵام لە پشتی پەردەوە هەندێک شت دەگۆڕین، بەتایبەت دە رۆژی کۆتایی بەر لە ئاشکراکردنی براوەکە، زۆر شت روودەدان، دەبێ بارسا یەکدەست کار بۆ پشتگیریی لامین بکات.

بڕیارە رۆژی 26ی مانگی 10ی ئەمساڵ، لە ئاهەنگێکی گەورەدا لە لەندەنی پایتەختی ئینگلتەرا، براوەی باڵۆندۆری ئەمساڵ ئاشکرا بکرێت.

سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان