بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

کێشە داراییەکانی بارسێلۆنا، ئەو گرێکوێرەیەی تاوەکو ئێستا بەرۆکی یانەکە بەرنادات

کێشە داراییەکانی بارسێلۆنا، ئەو گرێکوێرەیەی تاوەکو ئێستا بەرۆکی یانەکە بەرنادات

دیجیتاڵ

لە نێو گەشبینی بە داهاتی گەورەی بارسێلۆنا و کەڵەکەبوونی قەرزەکاندا، یانەی بارسێلۆنا لە گێژاوێکی داراییدا دەژی، کە بەپێی میدیاکان، سەرلێدەرکردن و چارەسەرکردنیان، ئاڵۆز و زەحمەتە.

باسکردنی کێشە داراییەکانی یانەی بارسێلۆنا، تەنیا بابەتێکی نێوخۆیی یانەکە و هەرێمەکەی کەتەلۆنیا نییە، رۆژنامەی 'ئاتلێتیک' راپۆرتێکی چڕی لەسەر وردەکارییەکانی داهات و خەرجی لە یانەکە بڵاوکردووەتەوە، دەریدەخات گەشبین بوون بەچارەسەرکردنی کێشە داراییەکان، هێشتا زۆر زووە، ئەگەرچی یانەکە رایگەیاندووە ساڵی رابردوو، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، ملیارێک یۆرۆ داهاتی هەبووە و لالیگاش دەڵێ، لە گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانان، بارسێلۆنا گەیشتووەتەوە بنەمای 1 + 1 و بەوەش دەستکراوەیە لە هێنانی یاریزانی نوێ.

رۆژنامەکە ئەمریکییەکە، لە راپۆرتەکەیدا پشتی بە زانیارییە داراییە بڵاوکراوەکانی یانەکە بۆ وەرزی 2025 - 2026 بەستووە.

قازانجی گەورە و زیان لە کۆتاییدا بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، بارسێلۆنا بەربەستی یەک ملیار یۆرۆ داهاتی تێپەڕاند، کۆی داهاتی یانەکە لە وەرزەکەدا 1،02 ملیار یۆرۆ بووە، بەوەش بارسا لە دوای ریال مەدریدەوە، بووە دووەم یانە لە مێژوودا، ئەو بڕە داهاتەی هەبێت.

وێڕای ئەو سەرکەوتنە بازرگانییە گەورەیە، یانەکە لە کاتی بەراوردی نێوان خەرجی و داهاتەکان لە وەرزەکەدا، بڕی 17.8 ملیۆن یۆرۆ زیانی کردووە، ئەوەش دووپاتیدەکاتەوە کە خەرجییەکانی بارسا، لە داهاتەکانی زۆر گەورەترن.

نزیکبوونەوە لە دوو ملیار قەرز ئەوەی لە کۆی قەرزەکانی بارسێلۆنادا زۆر تۆقێنەرن، نزیکبوونەوەی یانەکەیە لە بڕی نزیکەی دوو ملیار یۆرۆ قەرز.

بارسا لە 30ی مانگی شەشی ئەمساڵدا رایگەیاندووە کە قەرزەکانی سەر یانەکە بریتین لە 1.84 ملیار یۆرۆ. بەراورد بە ساڵی پێشتر کە بڕی قەرزەکە 1.45 ملیۆن بووە، کۆی قەرزەکانی یانەکە بە رێژەی 27 لەسەد لە ماوەی تەنیا دوانزە مانگدا زیادیان کردووە.

مەترسیدارتر لەوە ئەوەیە کە لە دوای داخستنی دۆسێی ساڵی دارایی یانەکە، بارسێلۆنا قەواڵەی نوێی بەبڕی 105 ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی دە ساڵی داهاتوو فرۆشتووە و بەوەش زۆر نزیکبووەتەوە لە سنووری دوو ملیار یۆرۆ قەرز.

رۆژنامە ئەمریکییەکە دەڵێ، لە وەرزی 2026 - 2027دا، بارسا ئەو سنوورە دەبەزێنێت و بەفەرمی دەبێتە خاوەنی دوو ملیار یۆرۆ قەرز.

کێشە گەورەکە لە کوێیە؟ کێشەی گەورە و سەرئێشە مەزنەکەی بارسا، لە بابەتی کەڵەکەبوون و بەردەوام زیادبوونی قەرزەکانیدا، بۆ پڕۆژەی 'ئیسپای بارسا' کە بریتییە لە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی یاریگای کامپ نو دەگەڕێتەوە.

کۆی 1،2 ملیار یۆرۆی قەرزەکانی سەر یانەکە، پەیوەستن بە قەرزی راستەوخۆی پارەدارکردنی یاریگاکە.

کارگێڕیی خوان لاپۆرتا لەو دۆسێیەدا، گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە پڕۆژەکە لە دوای تەواوبوونی، ساڵانە بڕی 250 ملیۆن یۆرۆی زیادە دەهێنێتە نێو خەزێنەی یانەکەوە، بەڵام کێشەکەی لەوەدایە کە دواکەوتنی زۆر لە پڕۆژەکەدا هەیە و دواکەوتنی تەواوکردنی کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە، تەنیا لە ساڵی رابردوودا بڕی 90 ملیۆن یۆرۆ، قەرزی زیادەی هێناوەتە سەر یانەکە.

بودجەی پڕۆژەکە دەریدەخات کە کارەکانی یاریگاکە هێشتا پێویستی بە 300 ملیۆن یۆرۆی دیکە هەیە، لە کاتێکدا یانەکە ناچارە لە سێ ساڵی داهاتوودا پارەیەکی زۆری قەرزی نۆژەنکردنەوەکە بدات.

بەپێی ئەوەی رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، بارسا دەبێ لە وەرزی 2026 - 2027 بڕی 149 ملیۆن یۆرۆ وەک بەشێک لە قەرزی نۆژەنکردنەوەکە بدات. وەرزی دواتر واتە 2027 - 2028 بڕی دانەوەی قەرزی یانەکە دەبێتە 346 ملیۆن یۆرۆ و وەرزی دوای ئەوە ئەو بڕە قەرزەی یانەکە، لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەکەدا دەبێ بیدات، دەبێتە 366 ملیۆن یۆرۆ.

گواستنەوەکەی گۆردۆن بارسێلۆنا هاوینی ئەمساڵ ژمارەیەک گرێبەستی گەورەی ئەنجامدا، گەورەترینیان، گرێبەستکردن بوو لەگەڵ ئانتۆنی گۆردۆن لە نیوکاسڵەوە بەرامبەر 80 ملیۆن یۆرۆ.

بەپێی رێکەوتنی نێوان هەردوو یانە، بارسا دەبێ وەک بەشی یەکەمی گواستنەوەکە بڕی 22،3 ملیۆن یۆرۆ بداتە نیوکاسڵ، بەڵام یانەکە لەبەرئەوەی ئەو بڕە پارەیەی بەردەست نەبووە، ناچاربووە لە بانکێک پارەکە قەرز بکات و ئەوەش بەهۆی سوودی پارەکەوە، تێچووی گواستنەوەکەی بەرز کردووەتەوە.

یانەکە رایگەیاندووە ئەو کارە، دەچێتە ژێر سیستمی "بەڕێوەبردنی پارەی بەردەستی ئاسایی"یەوە، ئەوەش بەهۆی دواکەوتنی داهاتەکانی یاریگاکەوەیە.

بەشێکی دیکەی کێشەکە، لە قەرزە کورت مەوداکانی سەر یانەکەدان، بارسا دەبێ لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵی 2026 - 2027 کۆی 905 ملیۆن یۆرۆ بداتەوە، لە کاتێکدا بەپێی ئەوەی ئێستا دیارە و تاوەکو ئەوکاتە بەردەست دەبێت، تەنیا 529 ملیۆن یۆرۆ لە خەزێنە یانەکەدا دەبێت و ئەوەش کورتهێنانە بەبڕی 376 ملیۆن یۆرۆ.

مووچەکان، بارگرانییە گەورەکەن بنمیچی مووچەی یانەکە جارێکی دیکە بەرزبووەتەوە. ئەمساڵ یانەکە 573،7 ملیۆن یۆرۆ دەداتە مووچەی یاریزانەکانی، بەوەش 12 لەسەد بڕەکە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی کردووە.

پێشبینیکراوە بوودجەی ئەمساڵی یانەکە بگاتە ژمارەیەکی دیکەی پێوانەیی کە 648،9 ملیۆن یۆرۆیە. ئەو ژمارەیە وادەکات بارسا یەکێک بێت لەو یانانەی ئەورووپا، کە زۆرترین پارە دەداتە مووچەی یاریزانەکانی.

وێڕای ئەو وێنە گشتییە خراپەی لە دۆخە داراییەکانی یانەکەدا هەن، رۆژنامە ئەمریکییەکە دەڵێ، هەندێک خاڵی ئومێدبەخشیش هەن، لە نێویاندا بەرزبوونەوەی داهاتە بازرگانییەکانی یانەکە بۆ 564،1 ملیۆن یۆرۆ، لەگەڵ داهاتی بازاڕگەری و مۆڵەتەکان کە 189،5 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، ئەوەش پاش کرانەوەی بەشی ڤی ئای پی لە کورسییەکانی کامپ نو، کە پێشتر فرۆشراون.

وەک رۆژنامە ئەمریکییەکە دەڵێ، ئەو ئاماژانە، ئاماژەی نزیکیی داڕووخانی بارسا نین لە رووی داراییەوە، بەڵام یانەکە لە تەنگژەیەکی دارایی گەورەدا دەژی کە پێشتر هەرگیز شتی وای بەخۆیەوە نەبینیوە.

رۆژنامەکە دەڵێ، هیچ کاتێک بارسا هێندەی ئێستا داهاتی نەبووە، بەڵام هیچ کاتێکیش هێندەی ئێستا قەرزار نەبووە.

'ئاتلێتیک' دەڵێت، داهاتووی بارسا پەیوەستە بەسێ شتەوە، کۆتایی هاتنی پڕۆژەی ئیسپای بارسا بەزووترین کات. زیادکردنی داهاتەکانی یانەکە لە رێگای یانەکەوە و دانەوەی خێرای قەرزەکانی سەری، بەرلەوەی سوودی قەرزەکان، گیرفانەکانی بارسا هەڵنتەکێنێت.

سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان