یەکەم گرووپی دەفژەنینی ژنان لە هەرێمی کوردستان دامەزرا و ئەمڕۆ لە شاری کۆیە بە جلی رەنگاوڕەنگی کوردییەوە یەکەم کۆنسێرتیان ئەنجامدا.
گرووپەکە لەلایەن دامەزراوەی "زەینەب خان" پاڵپشتی دەکرێ و دامەزراوە.
گرووپە لە 22 ژن پێکدێت. بۆ راهێنانیان مامۆستایەک لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە ناوی مۆنا مۆلایی هاتووە و سێ مانگ راهێنانی پێ کردوون.
رێزان ساڵح، ئەندامێکی گرووپەکەیە، مامۆستای زمانی کوردییە و 50 ساڵە، دەڵێت: " کاتێک لە خولەکە ئاگادار کرامەوە، بێ دوودڵی ناوی خۆم نووسی، چونکە حەزی خۆم بوو. لە ژیانمدا هیچ ئامێرێکی مۆسیقام نەژەنیوە، بەڵام تەمەن گرنگ نییە کاتێک حەز و ئارەزووی فێربوون هەبێت."
سەرپەرشتیارانی گرووپەکە دەڵێن، ئەگەر پشتیوانی بکرێن، پڕۆژەکە بەردەوام دەبێت و خولی دیکەیش دەکەنەوە. هەروەها لە بەرنامەیاندایە لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان کۆنسێرت ئەنجام بدەن.




