دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لەمەودوا رێگە نادەین مافەکان پێشێل بکرێن، بە هەموو هێزمانەوە راستییەکان دەڵێینەوە و دەنگی ستەملێکراوان دەبین.
ئەمڕۆ شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە ئیستەنبووڵ، بەشداریکرد لە پێشانگەی کۆمەڵەی پیشەسازان و بازرگانانی سەربەخۆ (MÜSİAD) و 29یەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتی کار و گوتارێکی پێشکێش کرد.
لە سەرەتای گوتارەکەیدا سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "بە رۆژگارێکدا تێپەڕ دەبین کە سیستەمی جیهانی لە رووی رەوایەتیدان، نوێنەرایەتیکردنی و دادپەروەریدا گەیشتووتە بنبەست". هەروەها رایگەیاند: "بە تایبەت ئەو جوگرافیایەی وڵاتەکەمانی لێ هەڵکەوتووە، بە مانای وشە بە تەواوی گەردەلوولی قەیرانە".
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا ئەردۆغان رایگەیاند، "سیستمی (هێز مافی بەدەستە) بۆ یەکەمجار بەو ئاستە بەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا زاڵە".
سەرۆککۆماری تورکیا هەڵوێستی خۆی بۆ دژایەتیی "زایۆنیزم"دووپاتکردەوە. راشیگەیاند، سوورن لەسەر دەرخستنی رووخساری راستەقینەی عەقڵییەتی داگیرکاری زایۆنی کە خۆی پێ بژاردەیە و لە سەرووی هەموو کەسەوە خۆی دەبینێت و هیچ ویژدان و ئاکار و پابەندییەکی نییە. ئەگەر کەسانێک کۆمەڵکوژییان کردووە بەرامبەر بە دادپەروەری وەڵامدەر نەبن و یاسا و مێژوو لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکات، کارەساتەکە دووبارە دەبێتەوە. لەمەودوا رێگە نادەین مافەکان پێشێل بکرێن، بە هەموو هێزمانەوە راستییەکان دەڵێینەوە و دەنگی ستەملێکراوان دەبین.
ئەردۆغان هەمان رستەی گوتارەکەی لە نیویۆرک دووبارەکردەوە کاتێک رایگەیاند، گەلی فەڵەستین تەنیا و بێکەس نین و بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری بە تەنیا نین و گوتیشی: "تورکیا بە هەڵوێستە ویژدانی، پڕشانازی و ئەخلاقییەکانی خۆی هەم بووەتە جێی ئومێدی ستەملێکراوان و هەم نموونەیەکی بوێری بۆ وڵاتانی دیکە".
ئاماژەی بەوەشدا کە، "شوێنی تاوانبارانی جەنگ پێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە بەڵکو ئەو دادگایانەیە کە بە هۆی تاوان و ئەو خوێنەی رشتوویانە وەڵامدانەوەیانە".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە گەشەسەندنی ئابووریی تورکیا کرد و گوتی: "لە 24 وەرزی رابردوودا بەردەوام لە پەرەسەندندا بووە. ئێمە ئێستا 16یەمین گەورە ئابووری جیهان و شەشەمین گەورە ئابووری ئەورووپاین".
گوتیشی: "لە کاتێکدا لە 2002دا تەنیا 33 هەزار کۆمپانیای هەناردەکارمان هەبوو، لە ساڵی 2025دا ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە 168 هەزار کۆمپانیا. بەو پلانە مامناوەندییە ئابوورییەی کە 20 رۆژ لەمەوپێش رامانگەیاند، سوورین لەسەر بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی گەشەسەندن."




