بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

لە ئیستەنبووڵ هەزار قوتابی وانەی کوردییان هەڵبژارد؛ بەڵام مامۆستایان بۆ دانەمەزرا

لە ئیستەنبووڵ هەزار قوتابی وانەی کوردییان هەڵبژارد؛ بەڵام مامۆستایان بۆ دانەمەزرا

دیجیتاڵ

لە شارۆچکەی ئەسەنیورت-ی ئیستەنبووڵ، هەزار قوتابی بۆ ساڵی نوێی خوێندن وانەی بژاردەی کوردییان هەڵبژاردووە، بەڵام مامۆستای پسپۆڕی زمانی کوردییان بۆ دانەمەزراوە.

ئەمڕۆ شەممە، 19ـی ئەیلوولی 2026، سوبحی ئۆزگەن، سەرۆکی کۆمەڵەی بزووتنەوەی زمانی کوردی (هەزکورد) رایگەیاند، بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 لە شارۆچکەی ئەسەنیورت (شارۆچکەیەکی ئیستەنبووڵە، زۆرینەی دانیشتووانی کوردن) نزیکەی هەزار قوتابی وانەی بژاردەی کوردییان هەڵبژاردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ مامۆستایەکی کوردی بۆ شارۆچکەکە دانەمەزراوە.

ئۆزگەن داوای لە یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا و یەکە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتەکەی کرد، پلانی پێویست بۆ دامەزراندنی مامۆستا دابنێن تاوەکو پۆلەکانی وانەی کوردی بکرێنەوە.

سەرۆکی هەزکورد لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، قوتابخانەکانی سوڵتان ئاڵپئارسلان و تۆکی ئۆرنەک، کە زۆرترین خواستیان لەسەر وانەی کوردی هەبووە، داوای دامەزراندنی هەمیشەیی مامۆستای پسپۆڕی زمانی کوردییان کردووە.

سوبحی ئۆزگەن ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵبژاردنی وانەکان لە شوباتی 2026 ئەنجامدراوە و ئەنجامەکان بۆ سیستمی وەزارەت گوازراونەتەوە، بەڵام سەرەڕای دەستپێکردنی ساڵی خوێندن، هێشتا مامۆستای کوردی بۆ ئەسەنیورت دانەمەزراوە و هیچ راسپاردەیەکیش لەمبارەیەوە نەکراوە.

ئۆزگەن پرسیاری کرد، "ئەو بەڕێوەبەری قوتابخانانەی دەیانەوێت ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و پۆلی کوردی بکەنەوە، چی بکەن؟"و رایگەیاند، نەبوونی پلانی دامەزراندنی مامۆستا، کردنەوەی پۆلی هەڵبژاردەی کوردی لە قوتابخانەکاندا قورس کردووە.

سەرۆکی هەزکورد باسی لەوەش کرد، وەک کۆمەڵەی هەزکورد لە ساڵی 2020ـەوە کار لەسەر وانەی کوردی و مافە زمانییەکانی دیکە دەکەن و ئەو کێشانەی لە مەیداندا رووبەڕوویان دەبنەوە، بە بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردەیان گەیاندووە.

ئۆزگەن گوتیشی، لە رۆژی 7ـی ئەیلوولی 2026، لە رێگەی سیستمی (CIMER)ـەوە داوای دیداری لەگەڵ یوسف تەکین، وەزیری پەروەردە کردووە بۆ ئەوەی کێشە و پێشنیازەکانیان پێشکێش بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەت وەڵامی نەداوەتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، لە ساڵی خوێندنی 2025-2026دا لە سەرتاسەری تورکیا 37 هەزار و 406 قوتابی وانەی کوردییان هەڵبژاردووە. 30 هەزار و 441 قوتابی کە دەکاتە 81.4%ـی کۆی گشتی کرمانجییان هەڵبژارد. لە بەرامبەردا 4 هەزار و 488 قوتابیش کە دەکاتە 12%ی کۆی گشتیی قوتابییان، زاراوەی زازاکییان هەڵبژارد. 

لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا تورکی تاکە زمانی فەرمیی خوێندنە، بەڵام لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێ. ناونووسین بۆ وانەی بژاردە، پۆلەکانی 5 تاوەکو 8 ـی سەرجەم قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دەگرێتەوە.   بەگوێرەی سیستمی خوێندن لە وانەی بژاردە، ئەگەر 10 قوتابی داوای خوێندن بە هەر زمانێکی بژاردە بکەن، پۆلێکی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە. هەرچەندە واژۆی باوک و دایکی قوتابی زیاد بکات، هێندەی دیکە پۆلی خوێندنیان بۆ دەکرێتەوە.   لە ساڵی خوێندنی 2024-2025دا، لە 196 قوتابخانەی فەرمیی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، 27 هەزار و 15 قوتابی وانەی کوردی بە شێوەزارەی کرمانجییان هەڵبژاردبوو و لە 30 قوتابخانەشدا سێ هەزار و 510 قوتابی وانەی کوردی بە شێوەزاری کرمانجکی هەڵبژاردبوو.

سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان