دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، سەرۆکى سووریا رایگەیاند، زیاتر لە 3.5 ملیۆن ئاوارە و پەنابەری سووری گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. هەروەها دەڵێت، 42 بۆمبى کیمیاییان لەناوبردووە. راشیگەیاند، سوپاى ئیسرائیل 500 جار وڵاتەکەى بۆردوومان کردووە و 300 هاوڵاتى سووری دەستگیرکردووە. ئەحمەد شەرع، ئەمڕۆ چوارشەممە 23-9-2026 ئەو قسانەی لە 81 ەمین کۆوبونەوەى کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لە ئەمریکا کردن.
ئەحمەد شەرع گوتى:"ئەم وڵاتە بریندارە دۆخی بەرەو چاکبوونەوە چوو، لەگەڵیدا زیاتر لە 3.5 ملیۆن ئاوارە و پەنابەر بەشێوەی خۆویستانە گەڕانەوە؛ گەڕانەوەی شکۆمەندانە و بەردەوام ئەرکی لەپێشینەیە و دەستپێشخەریی سووریاى بێ کەمپ راگەیێندرا بۆ کۆتاییهێنان بە سەردەمی پەنابەرى و ئاوارەیی."
سەرۆکی سووریا رایگەیاند لەبارەى ئەو دۆسیەیەى کە دەیەیەک باری سەرشانی وڵاتەکەى قورس کردبوو، لەگەڵ حەوت وڵات تیمى هەناسەی ئازادییان دەستپێکرد بۆ داخستنی پاشماوەی کیمیایی و 42 بۆمبی کیمیاییان لەناوبردووە و تەواوی مافیان لە رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی بەدەستهێناوەتەوە، "بەوپەڕی شەفافیەتەوە"لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کار دەکەن.
لە 8ى کانونونى یەکەمى 2024 ەوە دەسەڵاتى پێشووى بەشار ئەسەد لە سووریا رووخاو لە 25ى کانوونى دوومى 2025 ەوە ئەحمەد شەرع وەک سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر دەستنیشان کرا.
ئەحمەد شەرع گوتى: "وڵات لە باکوورەوە تاوەکو باشوور یەکخراونەتەوە، چەک سنووردار کراوە و دامەزراوە ئەمنییەکان و سوپا بونیاتنراونەتەوە و سزاکان لادراون و تاوانی رێکخراو و ماددە هۆشبەرەکان بنبڕ کراون و دادوەریی راگوزەر و گەڕان بەدوای چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان دەستیپێکردووە."
سەرۆکى سووریا رایگەیاند: نزیکەی 100 وڵات پەیوەندییان لەگەڵیان دەستپێکردووەتەوە، لە رێگەی نزیکەی چوار هەزار پەیوەندی و دیدار و کارلێکەوە، پایتەختەکەیان بووەتە جێگەی بارەگاى 60 نێردەی دیپلۆماسی.
ئەوە دووەم کۆبوونەوەى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکانە کە سووریا بە پێکهاتەى دەسەڵاتە نوێکەیەوە بەشدار بێت.
ئەحمەد شەرع رایگەیاند، گۆلان وەک خاکی سووریا دەمێنێتەوە و هەموو هەوڵەکانی لکاندنی بێ بنەمان و هەڵوەشاوەن بەهێزی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ژمارە 497 و ئیسرائیل هێرشی بەردەوام دەکاتە سەر سووریا و بە فرۆکەو تۆپ 500 جار بۆردوومانى خاکى سووریاى کردووە و 1200 لەشکرکێشی کردووە و 300 هاووڵاتی سووری دەستگیرکردووە.
لە سەردەمی بەشار ئەسەددا، سووریا کانگەی بەرهەمهێنانی حەبی کپتاگۆن بوو. بە گوتەى سەرۆکى سووریا دەسیان بەسەر 700 ملیۆن دەنک حەپی کاپتاگۆن گرتووە، لە رێگەی زیاتر 1500 ئۆپەراسیۆندا و 90 باندی جیهانی بازرگانى ئەو مادەیەیان هەڵوەشاندووەتەوە.




