بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

ئەحمەد شەرع: داننان بە مافەکانی کورد ئەرک بوو

ئەحمەد شەرع: داننان بە مافەکانی کورد ئەرک بوو

دیجیتاڵ

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا رایگەیاند، داننان بە مافە کولتووری و زمانەوانییەکانی کورد لە وڵاتەکەیدا ئەرکێکی سەرشانی حکومەتەکەی و مافێکی رەوای گەلی کورد بووە دوای 100 ساڵ، گوتیشی، لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد [لە رۆژئاوای کوردستان] رێککەوتوون لەسەر ئەوەی خوێندن لە ناوچە کوردنشینەکان بە زمانی کوردی بێت.

رۆژی چوارشەممە 23-09-2026 [دووشەممە بەکاتی نیویۆرک] لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لە ئەنجوومەنی ئەتڵانتیک لە نیویۆرکی ئەمریکا، برێت مەکگۆرک، توێژەر و شڕۆڤەکاری ئەمریکی ئاماژەی بە مەرسوومی ژمارە 13ـی سەرۆکایەتیی سووریا کرد سەبارەت بە مافەکانی کورد و بە "بەڵگەنامەیەکی سەرنجڕاکێش"وەسفیکرد، بەڵام هاوکات نیگەرانیی خۆی لەبارەی زیادبوونی گرژییەکان پێشان دا بەتایبەت دوای کوژرانی شەڕڤانێکی کوردی هێزە ئەمنییەکان لە حەسەکە [کە ئێستا تێکەڵی سوپای سووریا بوونە]، هەروەها پرسیاری لەبارەی پرسی خوێندنی پرۆگرامی نیشتمانی بە زمانی کوردی و مسۆگەرکردنی مافی پێکهاتەکان لە داهاتووی سووریادا ئاراستەی سەرۆکی سووریا کرد.

لە وەڵامدا، ئەحمەد شەرع رایگەیاند، سووریا مێژوویەکی دێرینی لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی فرەنەتەوە و فرەئاییندا هەیە و گوتی: "کورد بەشێکن لە کۆمەڵگەی سووریا و لەنێو ئەم دەوڵەتەدا دەژین. لەبەر ئەوەی بە فەرمی ناسینی مافە کولتووری و زمانەوانییەکانی کورد ئەرک و مافێکی رەوا بوو، پێش یەکخستنەوەکە مەرسوومەکەمان دەرکرد و دوای 100 ساڵ پێشوازییەکی زۆر گەرمی لێکرا."

سەبارەت بە خوێندنی زمانی کوردی، سەرۆکی سووریا روونیکردەوە، رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە ناوچە کوردنشینەکاندا بە زمانی کوردی بخوێندرێت و ئێستا تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەتی پەروەردە سەرقاڵی دارشتنی میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو مەرسوومەن.

شەرع هەروەها باسی لە کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکان و یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد و گوتی: "دوای ئەو رێککەوتنەی لەگەڵیاندا کردمان، ئێستا دەوڵەت کۆنترۆڵی تەواوی خاکی سووریا یان نزیکەی تەواوی خاکی سووریای بەدەستەوەیە."

سەرۆکی سووریا پێداگریی لەسەر جیاکردنەوەی هێزە سەربازییەکان لە هاووڵاتییانی سڤیل کرد و گوتی: "یەکخستنەوەکە پەیوەندیی بە گرووپێکی چەکداری دیاریکراوەوە هەبوو، نەک کۆمەڵگەی کورد؛ جیاکردنەوەی ئەم دووانە زۆر گرنگە، چونکە ئەو گرووپە چەکدارە نوێنەرایەتیی سەرجەم خەڵکی کورد ناکات."

سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان