بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

ئیمارات گەشتی سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێرانی راگرت

ئیمارات گەشتی سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێرانی راگرت

دیجیتاڵ

میدیاکانی ئێران رۆژی پێنجشەممە بڵاویانکردەوە ئیمارات سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵە ئێرانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە؛ ئەمەش وەک پابەندبوونێک بە سزاکانی واشنتن.   ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا) لە زاری دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانییەوە بڵاویکردەوە: "لە نیوەشەوەوە سەرجەم گەشتەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ ئیمارات بە تەواوی هەڵوەشێندراونەتەوە."

بەرپرسانی ئیمارات تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان لەسەر بڕیارەکە نەداوە.

هاوکات لەگەڵ بڕیارەکەی ئیمارات، دەسەڵاتدارانی تورکمانستانیش رێگرییان لە فڕۆکەکانی تاران کرد ئاسمانی وڵاتەکەیان بەکاربهێنن.

مەجید ئەخەوان، گوتەبێژی رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران بە ئاژانسی ئیسنای گوت، "لەبەر ئەوەی تورکمانستان رێگەی بە فڕۆکە ئێرانییەکان نەدا بەسەر ئاسمانەکەیدا تێپەڕ بن، گەشتی تاران بۆ دوشەنبە (پایتەختی تاجیکستان) نەیتوانی لە شوێنی مەبەست بنیشێتەوە و ناچار بوو بگەڕێتەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی لە تاران."

لە سەرەتای مانگی ئەیلوولدا، ئەمریکا سزای تووندی بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا سەپاند و مۆڵەتی تاوەکو 23ـی مانگ بە وڵاتان و کۆمپانیاکان دابوو تاوەکو هەموو مامەڵەیەک لەگەڵ فڕۆکەکانی تاران رابگرن، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی بێبەشکردنیانی لە سیستەمی دارایی دۆلاری ئەمریکی کردبوو.

ئەم بڕیارەی ئیمارات دوای ئەوە دێت پێشتریش عێراق و عومان فڕۆکەخانەکانیان بەڕووی فڕۆکەکانی ئێراندا داخست،  بەڵام چین رەتیدەکاتەوە پابەندی سزاکانی واشنتن بێت و دەرگای بەڕووی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێراندا بە کراوەیی هێشتووەتەوە.

ئێران خاوەنی نزیکەی 30 کۆمپانیای فڕۆکەوانییە کە زۆربەیان لە گەشتە ناوخۆییەکاندا کار دەکەن، بەڵام هەردوو هێڵی ئاسمانیی (ئێران ئێر) و (ماهان) گەورەترین کۆمپانیان بۆ گەشتە نێودەوڵەتییەکان.

سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان