بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

سوپاسالاری ئێران: وڵاتانی پاڵپشتیکاری ئەمریکا ئاسایشیان پارێزراو نییە

سوپاسالاری ئێران: وڵاتانی پاڵپشتیکاری ئەمریکا ئاسایشیان پارێزراو نییە

دیجیتاڵ

سوپاسالاری ئێران پاڵپشتیی خۆی بۆ گوتاری سەرۆککۆماری وڵاتەکەی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەردەبڕێت و دەشڵێت: ''هەر وڵاتێک پاڵپشتیی ئەمریکا بکات، ئاسایش بە خۆیەوە نابینێت''.

عەلی عەبدوڵڵاهی، سوپاسالار و فەرماندەی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران، پەیامێکی بۆ پاڵپشتیی گوتارەکەی رۆژی چوارشەممە 23-09-2026ـی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری وڵاتەکەی لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بڵاو کردەوە.

لە پەیامەکەی عەلی عەبدوڵڵاهیدا هاتووە: ''خەڵکی ئێران، بە دەستی د. پزیشکیانەوە و لەبەرچاوی جیهانیان، زللەیەکیان لە سەرۆکی تاوانکاری ئەمریکا دا''.

سوپاسالاری ئێران ئاماژەی بە ''یەکڕیزی''ـیی هێزە چەکدارەکان، خەڵک و حکومەتی وڵاتەکەی کرد و گوتی: ''تۆڵەسەندنەوەی خوێنی رێبەری شەهیدمان و منداڵانی میناب بەردەوام دەبێت و تاوەکو ئاو، خاک و ئاسمانی ئێران هەڕەشەیان لەسەر بێت، دەستدرێژیکار و هیچ کام لە وڵاتانی پاڵپشتی، ئاسایش بە خۆیانەوە نابینن''.

دوێنێ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا ئاماژەی بە ئامادەیی وڵاتەکەی کرد بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دیپلۆماسی لەگەڵ واشنتن و رایگەیاند: ''ئێمە ئامادەی گفتوگۆین، بەڵام دەبێ ئەوان بزانن کە زمانی زۆرەملێ قبووڵ ناکەین.''

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتارێکی تووندی پێشکێشکرد و هەڕەشەی لە تاران کرد کە ئەگەر لەگەڵ واشنتن نەگاتە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئەوا دەیخاتە "نێو دۆزەخەوە بەبێ ئەوەی هیچ چانسێکی مانەوەی بۆ بمێنێتەوە."

سەرۆککۆماری ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپی دایەوە و گوتی: ''دەبێت بزانێت کە هەڕەشەکردن، گەلی ئێمە یەکگرتوو و بەهێزتر دەکات. بەرگریی ئێرانییەکان زیاتر دەکات؛ دەبێ بزانێت گەلی ئێران لە بەرامبەر زۆرداری سەر دانانەوێنێت و دەستدرێژیکاران پەشیمان دەکەنەوە. ئەوە شتێکە دەبێ ترەمپ و کەسانێک کە دەیانەوێت ملهوڕی بکەن، ئاگاداری بن''.

28ـی شوباتی 2026، جەنگی 40 رۆژە بە هێرشێکی فراوانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر تاران دەستیپێکرد کە تێیدا عەلی خامنەیی، رێبەری ئەو کاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازیی وڵاتەکە کوژران. 

دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامی دانەوە، لە 2ی ئادارەوە، تاران وەک ستراتیژێکی جەنگەکە تەنگەی هورمزی داخست. 

سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان