بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

نووسینگەی پزیشکیان: سەرۆککۆمار لە جەنگدا دژی بڕينی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی بوو

نووسینگەی پزیشکیان: سەرۆککۆمار لە جەنگدا دژی بڕينی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی بوو

دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران دەڵێ، مەسعود پزیشکیان بە بڵاوکردنەوەی ناوی کوژراوانی خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکانی وڵاتەکە و گەڕاندنەوەی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی لە جەنگدا، سیمایەکی نوێی لە دەسەڵاتداری پیشان داوە. عەباس مووسەوی، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی، باسی دۆخی ئێستای ئێران، خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکان و پێداگریی مەسعود پزیشکیان کرد بۆ گەڕاندنەوەی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی بۆ وڵاتەکە.

عەباس مووسەوی ئاماژەی بە خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە 28-12-2025 دەستیان پێکرد و رایگەیاند: ''بەداخەوەێکی گەورە بوو و تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان گیانیان لەدەستدا، بۆیە هەر لە یەکەم ساتەکانەوە بەڕێز سەرۆککۆمار فەرمانی لێکۆڵینەوەی لە راستییەکانی دەرکرد''.

بەپێی ئاماری ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران ناسراو بە هرانا، 53 هەزار و 552 خۆپێشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکران و هەندێک لە میدیاش باس لە کوژرانی نزیکەی 40 هەزار کەس دەکەن، بەڵام ئێران تەنیا ناوی سێ هەزار و 117 کەسی بڵاو کردەوە.

جێگری سەرۆکی نووسینگەی پزیشکیان ئەو ژمارانەی رەتکردەوە و گوتی: ''بە مەبەستی روونکردنەوەی راستییەکان بۆ رای گشتی، ئەوکات لیژنەیەک پێکهێنرا و ناوی هەموو کوژراوان بە کۆدی نیشتمانییانەوە بڵاو کراونەوە.''

ئەوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار پاڵپشتیی خۆی بۆ خۆپێشاندەرانی ئێرانی دەربڕی و ژمارەی کوژراوانی بە نزیکەی 40 هەزار کەس راگەیاند. بەگوتەی عەباس مووسەوی، زۆربەی ئەوانەی لە خۆپێشاندانەکاندا کوژراون، هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی ئاسایی بوون؛ ''راگەیاندنی ناوی کوژراوان تاوەکو رادەیەکی زۆر پیلانی ئەمریکا و نەیارانی لەبارەی ژمارەکە پووچەڵ کردەوە.''

جێگری سەرۆکی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران ئەوەشی خستەڕوو، بەشێک لە کوژراوانی خۆپێشاندانەکان ئەو کەسانە بوون کە ''لەلایەن ئەمریکا و نەیارانەوە چەکدار کرابوون، بۆ ئەوەی دزە بکەنە نێو خەڵکی ئاساییەوە و تەقەیان لێبکەن''.

''سەرۆککۆمار پێداگر بوو لەسەر گەڕانەوەی ئینتەرنێت'' جیا لە کاتی خۆپێشاندانەکان، لە دەستپێکی جەنگی 40 رۆژەشدا لە 28ـی شوباتی ئەم ساڵ، بۆ 88 رۆژ ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەواوی پچڕا.

حکومەت هۆکاری بڕانی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی بۆ مەترسییە ئەمنییەکان، سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا راگەیاند کە تاوەکو ئێستا چەندین کەس بەم تۆمەتە دەستگیر کراون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

عەباس مووسەوی ئاماژەی بە هەڵوێستی مەسعود پزیشکیان کرد لەکاتی بڕینی ئینتەرنێتدا لە وڵاتەکەی و گوتی: ''داواکاریی خەڵک زۆر بوو سەبارەت بە پرسی گەڕانەوەی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی. بەڕێز سەرۆککۆماریش چەندینجار فەرمانی ئاساییکردنەوەی دۆخەکەی دەرکرد، بەڵام ئاستەنگیی زۆر دروست دەکرا.''

وەک جێگری سەرۆکی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، دواتر بە فەرمانی پزیشکیان لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی گەڕاندنەوەی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی پێکهێنرا؛ ''لە کۆتاییدا بڕیاری لیژنەکە ئەوە بوو کە دەبێت بە زووترین کات ئینتەرنێت بگەڕێندرێتەوە، سەرەڕای دژایەتییەکان، بەڕێز سەرۆککۆماریش بە تووندی فەرمانی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دەرکرد و هەموو لایەنەکانی راسپارد''.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەباس مووسەوی ئاماژەی بە ناکۆکیی نێوان بەرپرسانی وڵاتەکەی و دژایەتیکردنیان لەگەڵ مەسعود پزیشکیان کرد و گوتی: ''هەندێک کەس نابێت وا بیر بکەنەوە کە ئەگەر سەرۆککۆمار باس لە هەبوونی یەکڕیزی دەکات و ناکۆکی رەتدەکاتەوە، ئیدی ئەوان دەتوانن دەرفەتەکە بقۆزنەوە و رێگری لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و داواکاریی خەڵک بکەن.''

سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان