دیجیتاڵ
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) کە رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردووەتەوە، تێچووی جەنگی ئێران بۆ سوپای ئەمریکا تاوەکو سەرەتای مانگی ئەیلوول گەیشتووەتە نزیکەی 43.6 ملیار دۆلار.
رۆژی هەینی، 18ی ئەیلوولی 2026، بەڵگەنامەکە بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە، ئەو 43.6 ملیار دۆلارە تەنیا خەرجیی سەربازی و تەقەمەنییەکانە، بەبێ هەژمارکردنی ئەو زیانە مادییە بەرچاوەی کە لە ئەنجامی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو و ئوردن کەوتوون.
بە گوێرەی سەرچاوەکانی واشنتن پۆست، بەهۆی بەکارهێنانی بەرفراوانی چەکە وردپێکەکان، چەند فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی ئەمریکا هۆشدارییان داوەتە پێت هێگسەس، وەزیری جەنگی وڵاتەکەیان کە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنی فراوان دژی ئێران ناتوانرێ لە رووی سەربازی و داراییەوە درێژەی پێبدرێ.
ئەو فەرماندە باڵایانە هۆشدارییان داوە کە بەکارهێنانی چەک بەشێوەیەکی بەرفراوان دەبێتە هۆی لاوازبوونی توانای بەرگریی ئەمریکا لە رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی دیکە لە ناوچەکانی دیکەی جیهان.
جگە لە خەرجییە داراییەکان، جەنگەکە زیانی گیانیی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە:
کوژراوەکان: بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، لانیکەم 22 بۆ 23 سەرباز و 3 بەڵێندەری ئەمریکی کوژراون، لە کاتێکدا پێنتاگۆن بە فەرمی تەنیا 18 کوژراوی تۆمارکردووە.
بریندارەکان: زیاتر لە 820 سەربازی ئەمریکی بریندار بوون، کە زۆربەیان بەهۆی تۆپباران و هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکان دووچاری زەبر و برینداریی تووندی مێشک بوون.
ئەم بارگرانییە دارایی و مرۆییە، ناڕەزایەتییەکی توندی لە شەقامی ئەمریکادا دروستکردووە. بەپێی دوایین راپرسی، 62٪ی ئەمریکییەکان دژی ستراتیژیی ئیدارەی ترەمپن بەرامبەر جەنگی ئێران، هاوکات لە کۆنگرێسیش هەوڵەکان بۆ راگرتنی شەڕ و لێپرسینەوە لە وەزیری جەنگ دەستیان پێکردووە.




