بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

وەزارەتی نەوتی عێراق: مانگی رابردوو 70 ملیۆن بەرمیل نەوتمان هەناردەکردووە

وەزارەتی نەوتی عێراق: مانگی رابردوو 70 ملیۆن بەرمیل نەوتمان هەناردەکردووە

دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، پلانێکی ستراتیژی هەیە بۆ ئەوەی عێراق لە وڵاتێکی هاوردەکاری بەرهەمە نەوتییەکانەوە ببێتە هەناردەکار؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئامانجیانە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بە شێوەیەکی پلەبەندی بگەیێنینە 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیاییی رایگەیاند: "پلانمان هەیە بگەینە ئاستێك کە ئیدی بە تەواوی پشت بە خۆمان ببەستین لە هەموو بەرهەمە نەوتییەکان و عێراق لە هاوردەکارەوە ببێتە هەناردەکار، ئەمەش لە رێگەی تەواوکردنی پڕۆژەی (FCC) لە بەسرە و فراوانکردنی پاڵاوگە نیشتمانی و وەبەرهێنراوەکان."

پڕۆژەی تێکشکان بە یاریدەدەری کیمیایی (FCC) لە کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باشوور، هەنگاوێکی ستراتیژیی حکومەتی عێراقە بۆ گۆڕینی نەوتی رەشی قورسی ئاست نزم بۆ بەنزینی ئۆکتان بەرز و بەرهەمەکانی دیکەی خاوەن تایبەتمەندیی جیهانی. 

بەگوتەی سەلیم روکابی، هەناردەی نەوتی عێراق لە چەند مانگی رابردوودا باش بووە، بە جۆرێک لە سەرەتای جەنگی ناوچەکەدا تەنیا 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا هەناردە دەکرا، بەڵام بەرهەمەکە لە مانگی ئابدا 70 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە، واتە تێکڕا 2 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

وەک گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، ئێستا هەناردەی نەوت گەیشتووەتە 2.6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

هاوکات باسم محەممەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند: "پلانی حکومەت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، بە شێوەیەکی پلەبەندی جێبەجێ دەکرێ."

سەبارەت بە بەرهەمهێنانی بەنزین، وەزیری نەوتی عێراق گوتی: "رۆژانە 30 ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێندرێ و بەمزووانە بەهۆی کردنەوەی یەکەی نوێ لە دیوانییە، 3.5 ملیۆن لیتری دیکەش زیاد دەبێت. هیچ زیادکردنێک لە نرخی بەنزین و گازوایل و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکەدا ناکرێت."

سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان