بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

تۆڕێکی "گەورەی"قاچاخی نەوت لە پارێزگای موسەننا دەستگیرکران

تۆڕێکی "گەورەی"قاچاخی نەوت لە پارێزگای موسەننا دەستگیرکران

دیجیتاڵ

دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، تۆڕێکی تاوانکارییان هەڵوەشاندووەتەوە کە کاریان دزین و قاچاخیکردنی نەوتی خاو بووە لەرێگەی کونکردنی یەکێک لە بۆرییە ستراتیژییەکانی گواستنەوەی نەوت لە پارێزگای موسەننا.

ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، رۆژی هەینی (25ـی ئەیلوولی2026) بەی راگەیاند: "لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی، تیمەکانمان توانیویانە تۆڕێکی تاوانکاری هەڵوەشێننەوە کە نەوتی خاویان لە بۆرییەکی ستراتیژی لە پارێزگای موسەننا دەدزی."

گوتەبێژی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق راشیگەیاند: "ئۆپەراسیۆنەکە دوای کۆکردنەوەی زانیاریی وردی هەواڵگری لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاسایشی بەسرە و موسەننا دەستیپێکردووە. تیمەکانی دەزگەکە لە بەغداوە چاودێریی جووڵەی باندەکەیان کردووە تاوەکو گەیشتوونەتە شوێنی قاچاخەکە".

بە گوێرەی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لە کاتی هەڵکوتانە سەر شوێنەکە، چوار تۆمەتبار دەستگیر کران و دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەدا گیرا کە بۆ گواستنەوەی نەوتەکە بەکار دەهێنران.  باندەکە کێڵگەیەکیان لە نزیک بۆرییە ستراتیژییەکە (کە لە باشووری عێراقەوە بەرەو حەدیسە دەچێت) کردبووە مۆڵگەی کارەکانیان.

پشکنینەکان دەریانخستووە کە باندەکە دوو کونیان لە بۆرییە سەرەکییەکە کردووە و  270 مەتر بە ژێر زەویدا بە بۆری نەوتەکەیان بۆ ناو کێڵگەکە گواستووەتەوە. 

هەروەها بارهەڵگری چیمەنتۆ (میکسەر)یان بەکارهێناوە و دەستکارییان کردووە بۆ ئەوەی نەوتی تێدا بشارنەوە و لە بازگەکان گومانیان لێنەکرێت.

ئەرشەد حاکم گوتی: "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە داهاتی مانگانەی ئەم باندە لە دزینی نەوت گەیشتووەتە نزیکەی 500 ملیۆن دیناری عێراقی." 

ئەرشەد حاکم گوتیشی: "پسپۆڕانی تەکنیکی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی ژەنگگرتنی شوێنی کونکردنەکە، دیارە ئەم کارە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بووە. ئێستا هەردوو کونکردنەکە چاککراونەتەوە و تۆمەتبارەکانیش رەوانەی دادگە کراون".

سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان