بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

فڕۆکەخانەی بەغدا رێکارێکی نوێ بۆ ئاسانکاری چوونەژوورەوەی گەشتیاران جێبەجێ دەکات

فڕۆکەخانەی بەغدا رێکارێکی نوێ بۆ ئاسانکاری چوونەژوورەوەی گەشتیاران جێبەجێ دەکات

دیجیتاڵ

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەستپێکردنی قۆناخی یەکەمی رێکارەکانی ئاسانکاری بۆ چوونەژوورەوەی گەشتیاران راگەیاند. بەپێی رێکارە نوێیەکان، گەشتیاران لە کاتی پشکنینی ئەمنیی دەروازەکاندا پێویست ناکات لە ئۆتۆمبێلەکانیان دابەزن و پشکنینەکان بە سەگی پۆلیسی (K9) دەکرێن. رۆژی سێشەممە، 22ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە راگەیێدراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی رێنمایییەکانی وەهەب حەسەنی، وەزیری گواستنەوەی عێراق، بە مەبەستی کەمکردنەوەی رۆتین و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، دەستکراوە بە قۆناخی یەکەمی ئاسانکاریی بۆ چوونەژوورەوەی گەشتیاران بۆ نێو فڕۆکەخانەی بەغدا.

حارس عوبەیدی، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا رایگەیاند، یەکەمین قۆناخی ئاسانکارییەکان بۆ خێراکردنی هاتووچۆی گەشتیاران بۆ نێو فڕۆکەخانە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، رێکارە نوێیەکان بریتین لە هێشتنەوەی گەشتیار لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا لە کاتی پشکنینی ئەمنی لە بەربەست و دەروازەکانی چوونەژوورەوە، لە کاتێکدا پێشتر دەبوو سەرجەم سەرنشینەکان دابەزن.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا روونیکردەوە، لە پڕۆسەی نوێی پشکنینەکاندا پشت بە مەفرەزەکانی سەگی پۆلیسی (K9) دەبەسترێت بۆ پشکنینی ئۆتۆمبێلەکان، "ئەمەش رۆڵێکی بەرچاو دەبینێت لە خێراکردنی رێکارەکان، کەمکردنەوەی کاتی چاوەڕوانیی گەشتیاران و نەهێشتنی لۆد و قەرەباڵخیی بەردەم دەروازەکانی فڕۆکەخانە."

حارس عوبەیدی باسی لەوەش کرد، ئەم هەنگاوە وەک قۆناخی یەکەمی پلانی گشتیی ئاسانکارییەکان دەستپێکراوە و بە مەیدانی چاودێری و هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامەکانی دەکرێت.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی بەغدا رایگەیاند، دوای هەڵسەنگاندنی ئەم قۆناخە، دەست دەکرێت بە جێبەجێکردنی قۆناخەکانی دیکەی نەهێشتنی ئاستەنگەکان بە ئامانجی دروستکردنی زۆرترین ئاسانکاری لە هاتووچۆی گەشتیاراندا، بە شێوەیەک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ پاراستنی تەواوی مەرج و رێکارە ئەمنییە نێودەوڵەتییەکان.

لە دوای ساڵی 2003ـەوە و بەهۆی بارودۆخی ئەمنیی بەغداوە، هاووڵاتییان و گەشتیاران بۆ ماوەی بیست ساڵ رێگەیان پێنەدەدرا بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان بچنە نێو گۆڕەپان و هۆڵەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، بەڵکو دەبوو لە گۆڕەپانی (عەباس بن فیرناس) دابەزن و بە تەکسیی تایبەتی فڕۆکەخانە بگوازرێنەوە بۆ هۆڵەکانی فڕین.

فڕۆکەخانەی بەغدا 16 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای بەغداوە دوورە، لە ساڵانی 1979 بۆ 1982 لەلایەن کۆمپانیا فەرەنسی و بەریتانییەکانەوە بە زیاتر لە 900  هەزار دۆلاری ئەوکات دروستکراوە، بۆ مەبەستی مەدەنی و سەربازی دیزاین کراوە.

سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان