دیجیتاڵ
عێراق 49 زیندانیی رادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە و گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، یەکێک لە زیندانییەکان کوردە.
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند: "دوێنێ 49 سزادراومان رادەستی ئێران کردەوە بۆ ئەوەی ماوەی سزاکانیان لە زیندانەکانی لە وڵاتەکەیان تەواو بکەن".
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، لەو بارەیەوە لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتەکانی داد، ناوخۆ و هەواڵگریی عێراق هەیە، رادەستکردنی ئەو زیندانییانە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ساڵی 2012ـی نێوان عێراق و ئێرانە.
بە گوتەی ئەحمەد لعێبی، "یەکێک لەو سزادراوانەی کە رادەستی ئێران کراوەتەوە، کوردە".
وەزارەتی دادی ئێران بڵاوی کردەوە، 49 هاووڵاتیی ئێرانییان وەرگرتووەتەوە کە لە عێراقدا سزای زیندانییان بەسەردا سەپێنرابوو. لە رێگەی دەروازەی سنووریی وشکانیی مێرانەوە زیندانییەکان وەرگیراونەونەتەوە، بۆ ئەوەی ماوەی سزاکەیان لەنێو ئێران تەواو بکەن.
بەگوتەی جێگری وەزیری دادی ئێران، زۆربەی ئەو زیندانیانە لەسەر گواستنەوەی مادەی هۆشبەر و قەدەخەکراو بۆ نێو عێراق دەستگیرکراون و سزادراون.
ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ئەمنیی و دادوەرییە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و تارانە، کە تایبەتە بە ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی سزادراوان لەنێوان هەردوو وڵاتدا.




