دیجیتاڵ
سەرۆکی نێردەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) لە عێراق رایدەگەیێنێت، 56%ـی کۆی گیانلەدەستدان لە عێراق بەهۆی نەخۆشییە نەگوازراوەکان و درێژخایەنەکانەوەیە. هۆشداریش دەدات لەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمئاوی لە پرسێکی ژینگەییەوە بووەتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر تەندروستیی گشتیی دانیشتووان.
رۆژی یەکشەممە، 13ی ئەیلوولی 2026، د. جەمیلە راعبی، سەرۆکی نێردەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند، گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، وشکەساڵی و خۆڵبارین بوونەتە هۆکاری زیادبوونی شەکەتیی بەهۆی گەرما، نەخۆشییەکانی دڵ، گورچیلە و کۆئەندامی هەناسەدان.
بەپێی هەڵسەنگاندنی نوێی رێکخراوەکە، مەترسییە تەندروستییەکانی گەرما لەسەر ئاستی جوگرافی وەک یەک نین، پارێزگاکانی زیقار، میسان، بەسرە، دیوانییە، واست و موسەننا، زۆرترین ئاستی مەترسییان لەسەرە، لەگەڵ بوونی ئاستی مەترسیی بەرز لە نەینەوا و سەڵاحەدین.
نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گوتی، "ئاسایشی ئاو، ئاسایشی تەندروستیشە، هەرچەندە رێژەی دەستڕاگەیشتن بە ئاوی سەلامەت لە 50% لە ساڵی 2000ـەوە بۆ 60% لە ساڵی 2024 بەرزبووەتەوە، بەڵام کەمئاوی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییەکانی وەک کۆلێرا و سکچوون زیاتر دەکات."
بەگوتەی جەمیلە راعبی، نەخۆشییە نەگوازراوەکان وەک، شێرپەنجە، شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن، گەورەترین ئاستەنگی تەندروستین لە عێراقدا و رێژەی 56%ـی گیانلەدەستدان پێکدەهێنن.
نێردەکەی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، "ئامارە نیشتمانییەکان دۆخێکی جێگەی نیگەرانی دەردەخەن، 30٪ـی پێگەیشتووان بەدەست بەرزەپەستانی خوێنەوە دەناڵێنن. هەروەها 14% تووشبووی نەخۆشیی شەکرەن و زیاتر لە 30%ـی پێگەیشتووان کێشەی قەڵەوییان هەیە."
د. جەمیلە راشیگەیاند، هۆکارەکانی مەترسی سەر تەندروستیی تاکی عێراقی لە تەمەنێکی زووەوە دەستپێدەکەن، بەپێی راپرسییەکی تەندروستیی قوتابخانەکان، 18%ـی مێرمنداڵانی تەمەن 13 بۆ 17 ساڵ لە عێراق تووتن بەکاردەهێنن، 32.5% کێشیان زیادە و 88.4%ـیان چالاکیی جەستەیی پێویستیان نییە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نوێنەری تەندروستیی جیهانی لە عێراق ئاماژەی بەوە کرد، دوای پەتای کۆرۆنا، تواناکانی عێراق لە رووی چاودێریی پەتاکان و دیجیتاڵیکردنی کەرتی تەندروستی پێشکەوتووە، بەجۆرێک ئێستا سیستمی زانیاریی تەندروستی نزیکەی 12,700 بەکارهێنەری تۆمارکراوی هەیە و نزیکەی 1,900 دامەزراوەی تەندروستیش راپۆرتی رۆتینیی کوتان پێشکێش دەکەن.
سەبارەت بە دەرمانی هاوردەکراویش، د. جەمیلە باسی لەوە کرد، رێکخراوەکەیان بەردەوامە لە هاوکاریکردنی تاقیگە ناوەندییەکانی عێراق بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی متمانەپێکردنی نێودەوڵەتی، تاوەکو دڵنیایی بدرێت لە کوالێتی و سەلامەتیی دەرمان و رێگری لە ساخکردنەوەی دەرمانی ساختە لە بازاڕەکاندا بکرێت.
دەشڵێت، تەندروستیی جیهانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵی و وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کاردەکات، چونکە "ئاڵنگارییە تەندروستییەکان سنووری جوگرافی ناناسن و پێویستە خزمەتگوزارییەکان بەبێ جیاوازی بگەنە تەواوی دانیشتووان."
دەقی پرسیاری و وەڵامی سەرۆکی نێردەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق: : رێکخراوی تەندروستیی جیهانی چۆن هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەریی زیادبوونی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق لەسەر تەندروستیی گشتی دەکات؟ بەرنامە هاوبەشەکانتان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشییانەی پەیوەستن بە وشکەساڵی و خۆڵبارینەوە چین؟ جەمیلە راعبی: بۆ عێراق، گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە پرسێکی تەندروستیی گشتی نەک تەنیا بابەتێکی ژینگەیی. پلەی گەرمای بەرز، کەمئاوی، وشکەساڵی، بیابانبوون و گەردەلوولە تۆزاوییەکان کارلێک لەگەڵ کێشە تەندروستییە باوەکانی ئێستادا دەکەن و گوشارێکی روولەزیادبوون دەخەنە سەر دانیشتووان و سیستمی تەندروستی.
کاریگەرییە تەندروستییەکان جۆراوجۆرن؛ گەرمای تووند مەترسیی شەکەتبوونی گەرما و جەڵتەی گەرما زیاد دەکات و دەکرێت نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن، گورچیلە و کۆئەندامی هەناسەدان توندتر بکات. هەروەها کەمئاوی و دابەزینی کوالێتیی ئاو دەتوانن مەترسیی ئەو نەخۆشییانە زیاد بکەن کە لە رێگەی ئاوەوە دەگوازرێنەوە، لەوانە کۆلێرا و نەخۆشییەکانی سکچوون، هاوکات کاریگەری بکەنە سەر پاکوخاوێنی، سەلامەتیی خۆراک و خۆراکپێدان. جگە لەوەش، گەردەلوولە تۆزاوییەکان و خراپیی کوالێتیی هەوا پەیوەستن بە تێکچوون و خراپتربوونی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان و دڵ و لوولەکانی خوێن.
لێرەدا رۆڵی دەستەبەرکردن و بەرهەمهێنانی بەڵگە و داتاکان بۆ ئاراستەکردنی سیاسەت و وەبەرهێنانە تەندروستییەکان دەردەکەوێت. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پشتیوانی لە عێراق کرد لە ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی نیشتمانی بۆ لاوازی و خۆگونجاندنی تەندروستی لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و لە دوای ئەوەش پەرەپێدانی پلانی نیشتمانی بۆ خۆگونجاندنی تەندروستی لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا. هاوکات لەم دواییانەدا هەڵسەنگاندنێکمان بۆ مەترسییەکانی گەرما و تەندروستی ئەنجامدا کە دەریخست مەترسییەکان لە رووی جوگرافییەوە یەکسان نین، و پارێزگاکانی زیقار، میسان، بەسرە، قادسییە، واست و موسەننای لە ریزی ئەو پارێزگایانەدا پۆلێن کرد کە بەرزترین ئاستی مەترسییان تێدایە، لەگەڵ ئاستێکی بەرزی مەترسی لە نەینەوا و سەڵاحەددین. ئەمەش جەخت لە گرنگیی داڕشتنی وەڵامدانەوە بەپێی ئاستی بەرکەوتن، لاوازی و توانای خۆگونجاندن لە هەر پارێزگا و ناوچەیەکدا دەکاتەوە، لەوانەش هەرێمی کوردستان.
ئاو بەشێکی بنەڕەتیی ئەم هاوکێشەیەیە. رێژەی ئەو دانیشتووانەی سوود لە خزمەتگوزاریی ئاوی خواردنەوەی بەڕێوەبراوی سەلامەت وەردەگرن، لە نزیکەی 50% لە ساڵی 2000ـەوە بۆ نزیکەی 60% لە ساڵی 2024 بەرزبووەتەوە، بەڵام کەمئاوی، وشکەساڵی، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، گەشەی دانیشتووان و کۆنیی ژێرخان گوشاری زیاتر دروست دەکەن؛ بۆیە ئاسایشی ئاو، ئاسایشی تەندروستیشە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵ، وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، هەردوو وەزارەتی ژینگە و لایەنە نیشتمانییەکان و هاوبەشان لە سەرانسەری عێراق کاردەکات بۆ بەهێزکردنی حوکمڕانی و هاوئاهەنگیی فرەسێکتەری، بەرهەمهێنانی بەڵگە، پەرەپێدانی تواناکانی کارمەندانی تەندروستی، پتەوکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئاو، ئاوەڕۆ و پاکوخاوێنی و خۆڕاگریی دامەزراوە تەندروستییەکان، لە پاڵ بەشدارپێکردنی کۆمەڵگە و گەنجان. لەپێشینەی داهاتووشمان بریتییە لە بەهێزکردنی سیستمی هۆشداریی پێشوەختە و کاری پێشوەختە لە رێگەی بەستنەوەی زانیارییە تەندروستی، کەشوهەوایی و ژینگەییەکان، تاوەکو عێراق بتوانێت پێشبینیی مەترسییەکان بکات و بەر لە تەشەنەسەندنیان خۆی بۆ ئامادە بکات. ئامانجمان ئەوەیە لە وەڵامدانەوەی کاریگەرییە تەندروستییەکان دوای روودانیانەوە، بگۆڕێین بۆ قۆناخی توانای پێشبینیکردنی مەترسی و خۆئامادەکردن بۆی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی، پێش ئەوەی بگۆڕێت بۆ قەیرانێکی تەندروستی.
: ئاستی هاوکاریی نێوان رێکخراوەکەتان و حکومەتی عێراق لە دۆسیەی چاکسازیی سیستمی تەندروستی و جێبەجێکردنی یاسای دەستەبەریی تەندروستی گەیشتووەتە کوێ؟ چۆن پاڵپشتی لە عێراق دەکەن بۆ بەدیهێنانی داپۆشینی تەندروستیی گشتگیر بۆ هەموو هاووڵاتییان؟ جەمیلە راعبی: داپۆشینی تەندروستیی گشتگیر یەکێکە لە تەوەرە بنەڕەتییەکانی هاوبەشیمان لەگەڵ دەسەڵاتە تەندروستییەکان لە عێراق. ئەمەش بەو مانایەیە کە هەموو کەسێک بتوانێت دەستی بەو خزمەتگوزارییە تەندروستییە باشانە بگات کە پێویستی پێیانە، لە کات و شوێنی گونجاودا، بەبێ ئەوەی تووشی تەنگژەی دارایی ببێت.
داپۆشینی تەندروستیی گشتگیر پەیوەندیی راستەوخۆی بە بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامەوە هەیە، بەتایبەتی ئامانجی لاوەکیی (3-8) لە ئامانجی سێیەم کە پەیوەستە بە تەندروستیی باش و خۆشگوزەرانی. هەروەها بەشدارە لە کەمکردنەوەی هەژاری و نایەکسانی لە رێگەی پاراستنی خێزانەکان لە خەرجییە وێرانکەرەکانی تەندروستی و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنی هەمووان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە بنەڕەتییەکان و دەرمان و پێکوتەی سەلامەت، کاریگەر، باش و هەرزان.
بەڵام ئێمە وەک بەشێک لە چاکسازییەکی گشتگیرتر بۆ سیستمی تەندروستی دەڕوانینە دەستەبەریی تەندروستی (زەمانی تەندروستی). چونکە داپۆشینی تەندروستیی گشتگیر تەنیا بە یەک میکانیزمی دارایی بەدی نایەت، بەڵکو پێویستی بە چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی بەهێز، کوالێتی و سەلامەتیی خزمەتگوزارییەکان، هێزێکی کاری تەندروستیی لێهاتوو و دادپەروەرانە دابەشکراو، دابینکردنی دارایی تەندروستیی بەردەوام، دەستڕاگەیشتنی باوەڕپێکراو بە دەرمان و تەکنەلۆژیا تەندروستییە سەرەکییەکان و سیستمی زانیاریی بەهێز هەیە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بەپێی لەپێشینە و پێداویستییە نیشتمانییەکان، پاڵپشتی لە وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵ و دەسەڵاتە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات لە پتەوکردنی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی و پەرەپێدانی مۆدێلی چاودێریی گونجاو لەگەڵ دۆخەکەدا، بە شێوازێک کە رێڕەوی رەوانەکردن روونتر بێت و بەردەوامیی چاودێری لە نێوان ئاستەکانی سەرەتایی، دووەمی و سێیەمیدا باشتر بێت. هەروەها پاڵپشتی لە کوالێتیی چاودێری و سەلامەتیی نەخۆش، پلاندانان بۆ هێزی کاری تەندروستی، دابینکردنی دارایی تەندروستی، بەهێزکردنی رێکخستنی دەرمانسازی و بەکارهێنانی داتاکان لە پلاندانان، تەرخانکردنی سەرچاوەکان و بڕیارداندا دەکەین.
بەرهەمهێنانی بەڵگە و داتاکان بەشێکی بنەڕەتیی ئەم چاکسازییەیە؛ چونکە ئەو بڕیارانەی پەیوەستن بە خزمەتگوزارییەکان، بودجە، هێزی کار و دابەشکردنی سەرچاوەکان، پێویستە لەسەر بنەمای پێداویستییە راستەقینەکانی دانیشتووان و کەلێنەکانی دەستڕاگەیشتن و کوالێتی بن. دادپەروەری رەگەزێکی سەرەکییە لەم کاروانەدا. نابێت سەرکەوتن تەنیا بە تێکڕا نیشتمانییەکان بپێوین، بەڵکو دەبێت بە ئاستی گەیشتنی خزمەتگوزارییە تەندروستییە باشەکان بپێورێت بە دانیشتووان لە پارێزگا و کۆمەڵگە جیاوازەکاندا، لەوانەش هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئەو توێژانەی کە رووبەڕووی ئاستەنگی جوگرافی، کۆمەڵایەتی یان ئابووری دەبنەوە.
رۆڵی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بریتییە لە پاڵپشتیکردنی عێراق بە بەڵگە، پێوەر و ئەزموونی تەکنیکیی نێودەوڵەتی بۆ بنیاتنانی سیستمێکی تەندروستی کە لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی خەڵک بێت و بە شێوەیەکی بەردەوام داپۆشینی تەندروستیی گشتگیر بەدیبهێنێت.
: دوای ئەزموونی پەتای کۆرۆنا، چۆن هەڵسەنگاندن بۆ تواناکانی ئێستای عێراق لە چاودێریی پەتا و هۆشداریی پێشوەختە بۆ پەتا نوێیەکان دەکەن؟ ئایا مەترسی هەیە نەخۆشییە گوازراوەکان بەهۆی کەمئاوییەوە سەرهەڵبدەنەوە؟ جەمیلە راعبی: عێراق پێشکەوتنێکی گرنگی لە تواناکانی چاودێری، دەستنیشانکردنی پێشوەختە و وەڵامدانەوەی باری لەناکاو بەدەستهێناوە، ئەوەش بە سوودوەرگرتن لەو ئەزموونانەی لە کاتی پەتای کۆرۆنا و فریاکەوتنە تەندروستییەکانی پێشوودا کەڵەکە بوون. یەکێک لە گرنگترین وانەکان ئەوەیە کە ئامادەباشی دەبێت بەشێکی هەمیشەیی بێت لە سیستمی تەندروستیدا پێش روودانی قەیران، نەک میکانیزمێک بێت کە دوای دەستپێکردنی باری لەناکاو دابمەزرێنرێت.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەگەڵ دەسەڵاتە تەندروستییەکان لەسەر ئاستی فیدراڵ و لە هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ بەهێزکردنی چاودێریی نەخۆشییەکان، هۆشداریی پێشوەختە، توانای تاقیگەکان، میکانیزمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا، ئۆپەراسیۆنەکانی باری لەناکاو، خۆپاراستن و کۆنتڕۆڵکردنی پەتا و هەوکردن، ئامادەیی نەخۆشخانەکان، و خۆئامادەکردنەکانی برینداربوونی بەکۆمەڵ و گردبوونەوە گەورەکانی مرۆڤ. هەروەها لە چوارچێوەی رێسا تەندروستییە نێودەوڵەتییەکاندا پاڵپشتیی عێراقمان کردووە بۆ بەهێزکردنی تواناکانی، لەوانە هەڵسەنگاندنە نیشتمانییەکان، پلاندانان بۆ ئامادەباشی، مەشق و راهێنانی هاوشێوەکاری (سیمولەیشن) و پەرەپێدانی پرۆتۆکۆڵ و میکانیزمەکانی وەڵامدانەوە.
گۆڕانی دیجیتاڵی بووەتە رەگەزێکی گرنگ لەم توانایەدا. ئەمڕۆ سیستمی زانیاریی تەندروستیی ناوچەکان نزیکەی 12,700 بەکارهێنەری تۆمارکراوی هەیە و 16 پرۆگرام و یەکەی تەندروستی پێوە بەستراونەتەوە. هەروەها راپۆرتە رۆتینییەکانی کوتان نزیکەی 1,900 دامەزراوەی تەندروستی دەگرێتەوە، لە کاتێکدا چاودێریی لەسەر بنەمایەکان فراوان بووە بۆ زیاتر لە 900 ناوەند، هاوکات زیاتر لە 3,000 کارمەندی وەزارەتی تەندروستیش لەسەر بەکارهێنانی سیستمە دیجیتاڵییەکان راهێنراون.
سەبارەت بە کەمئاوی، بێگومان فاکتەرێکی مەترسیداری تەندروستییە. کەمبوونەوەی ئاوی سەلامەت و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەتوانن مەترسیی کۆلێرا، سکچوون و نەخۆشییە گوازراوەکانی دیکەی لە رێگەی ئاوەوە زیاد بکەن. لەبەر ئەوە هەنگاوی داهاتوو بریتییە لە بەهێزکردنی بەستنەوەی نێوان زانیارییە پەتاکاری، کەشوهەوایی، ژینگەیی و ئاوییەکان، لەگەڵ پەرەپێدانی هۆشداریی پێشوەختە و هەنگاوی پێشوەختە لە سەرانسەری عێراقدا.
ئامانجمان تێپەڕاندنی قۆناخی دۆزینەوەی نەخۆشی و وەڵامدانەوەیەتی، بەرەو دروستکردنی سیستەمێک کە بتوانێت پێشبینیی مەترسی بکات، زوو دەستنیشانی بکات، بە خێرایی هەڵسەنگاندنی بۆ بکات و وەڵامی بداتەوە، هاوکات لەگەڵ پاراستنی بەردەوامیی خزمەتگوزارییە تەندروستییە بنەڕەتییەکان.
: نیگەرانییەکی زۆر هەیە سەبارەت بە بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییە نەگوازراوەکان وەک شێرپەنجە و شەکرە لە عێراق؛ ستراتیژیەتی رێکخراوەکەتان چییە بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق لە دروستکردنی سەنتەری پسپۆڕی و دابینکردنی پرۆتۆکۆڵی چارەسەریی نوێ؟ جەمیلە راعبی: نەخۆشییە نەگوازراوەکان بوونەتە یەکێک لە دیارترین ئاستەنگەکانی تەندروستیی گشتی لە عێراق، بەجۆرێک کە نزیکەی 56%ـی کۆی گیانلەدەستدانەکان پێکدەهێنن. نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن، شەکرە، شێرپەنجە و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی کۆئەندامی هەناسەدان لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەخۆشکەوتن، کەمئەندامی و گیانلەدەستدانی پێشوەختەن.
داتا نیشتمانییە بەردەستەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی 30%ـی کەسانی پێگەیشتوو بەدەست بەرزەپەستانی خوێنەوە دەناڵێنن، 14% تووشبووی نەخۆشیی شەکرەن و زیاتر لە 30% تووشی قەڵەوی بوون. ئەمەش دووپاتی دەکاتەوە کە وەبەرهێنان لە خۆپاراستن و دەستنیشانکردنی پێشوەختە دەبێت هاوتەریب بێت لەگەڵ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە چارەسەری و پسپۆڕییەکان.
ئەوەی بە تایبەتی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە کە هۆکارەکانی مەترسی لە تەمەنێکی زووەوە سەرهەڵدەدەن. نوێترین راپرسیی جیهانی بۆ تەندروستیی قوتابخانەکان، کە بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە نزیکەی 18%ـی مێرمنداڵانی تەمەن 13 بۆ 17 ساڵ تووتن بەکاردەهێنن، 32.5% کێشیان زیادە، 12.5% قەڵەون، لە کاتێکدا 88.4%ـیان ناگەنە ئەو ئاستەی چالاکیی جەستەیی کە پێشنیاز کراوە.
لەبەر ئەوە، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەسەر دوو ئاستی تەواوکەری یەکتر پاڵپشتی دەسەڵاتە تەندروستییەکانی عێراق، لەنێویاندا هەرێمی کوردستان، دەکات: ئاستی یەکەم لە نێو خودی سیستمی تەندروستیدایە، لە رێگەی بەهێزکردنی رۆڵی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی لە خۆپاراستن، پشکنین، دەستنیشانکردنی پێشوەختە، دیاریکردنی نەخۆشی، چارەسەر و بەدواداچوونی درێژخایەن بۆ نەخۆشییە نەگوازراوەکان، لەوانە بەرزەپەستانی خوێن، شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن، جگە لە بەهێزکردنی خۆپاراستن لە شێرپەنجە و پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجە و رێکخستنی رێڕەوی رەوانەکردن بۆ چاودێریی پسپۆڕی. ئاستی دووەم بریتییە لە چارەسەرکردنی هۆکارەکانی مەترسی لە رێگەی داڕشتنی سیاسەت و خۆپاراستنەوە. بەکارهێنانی تووتن، سیستمی خۆراکی ناتەندروست، کەمیی چالاکیی جەستەیی و قەڵەوی، پێویستیان بە کارکردنێک هەیە کە لە سنووری کەرتی تەندروستی دەربچێت و کەرتی پەروەردە، شارەوانییەکان، سیستمە خۆراکییەکان، یاسادانان و سیاسەتە پەیوەندیدارەکان بگرێتەوە، لە پاڵ بەشدارپێکردنی خێزان، کۆمەڵگە و گەنجان.
بەهای رێکخراوەکەش لە پاڵپشتیکردنی بەرهەمهێنانی بەڵگەی نیشتمانی و گۆڕینیاندایە بۆ سیاسەت، ستراتیژ، پرۆتۆکۆڵ و دەستپێشخەری. پەیامی بنەڕەتی ئەوەیە کە عێراق ناتوانێت تەنیا بە چارەسەرکردن رووبەڕووی بارگرانیی نەخۆشییە نەگوازراوەکان ببێتەوە؛ بەڵکو دەستکەوتە گەورەکان لەسەر ئاستی درێژخایەن لە رێگەی خۆپاراستن و دەستنیشانکردنی پێشوەختەوە دێنەدی، هاوکات لەگەڵ مسۆگەرکردنی دەستگەیشتن بە چارەسەری پسپۆڕیی باش لە کاتی پێویستدا.
: عێراق بەدەست لێکەوتەکانی شەڕ و ململانێکانەوە دەناڵێنێت کە کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر تەندروستیی دەروونیی کۆمەڵگە جێهێشتووە؛ رێکخراوەکەتان چۆن کاردەکات بۆ تێکەڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی دەروونی لە نێو بنکەکانی چاودێریی سەرەتایی و پێگەیاندنی ستافی پسپۆڕ؟ جەمیلە راعبی: تەندروستیی دەروونی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بوونەتە لەپێشینە سەرەکییەکانی تەندروستیی گشتی لە عێراق. ساڵانی درێژخایەنی ململانێ و ئاوارەبوون، لە پاڵ گوشارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا، بوونەتە هۆی زیادبوونی پێویستی بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی دەروونی و پاڵپشتیی دەروونی و کۆمەڵایەتی، بەجۆرێک کە بتوانرێت بە ئاسانی لە سەرانسەری عێراقدا، لەوانەش هەرێمی کوردستان، دەستی پێبگات.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەگەڵ دەسەڵاتە تەندروستییەکان کاردەکات بۆ بنیاتنانی وەڵامدانەوەیەکی تەواوکاری لەسەر بنەمای بەڵگە لە نێو سیستمی تەندروستیدا. یەکێک لە ئاراستە سەرەکییەکان بەهێزکردنی تێکەڵکردنی تەندروستیی دەروونییە لە چوارچێوەی چاودێریی تەندروستیی سەرەتاییدا، تاوەکو هاووڵاتییان بتوانن لە قۆناخە سەرەتاییەکاندا داوای هاوکاری بکەن و لە شوێنە نزیکەکانی ناو کۆمەڵگەکانیاندا دەستیان پێڕابگات، نەک تەنیا پشت بە دامەزراوە پسپۆڕییەکان ببەستن.
هەروەها پاڵپشتی لە بەرزکردنەوەی تواناکانی کارمەندانی تەندروستی دەکەین لە بواری خۆپاراستن، دەستنیشانکردنی پێشوەختە، چارەسەرکردن، رەوانەکردن و شیاندنەوە. لە بواری ماددە هۆشبەرەکاندا، یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکان بریتی بوو لە پاڵپشتیکردنی پەرەپێدان و تەواوکردنی پرۆتۆکۆڵی نیشتمانیی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی تێکچوونەکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، کە چوارچێوەیەکی یەکگرتووی نیشتمانی و پشتڕاستکراو بە بەڵگە بۆ خزمەتگوزارییەکانی چارەسەر و شیاندنەوە دابین دەکات، هاوکات لەگەڵ پەرەپێدانی رێنماییە کۆمەڵایەتییەکان، بڵاوکراوەی هۆشیاری و بەرزکردنەوەی توانای پیشەگەرانی تەندروستی.
لەلایەکی دیکەوە لەپێشینەی کارەکانمان بریتییە لە باشترکردنی داتاکان بۆ تێگەیشتن لە قەبارە و جۆری پێداویستییەکان، بەهێزکردنی هێزی کاری پسپۆڕ و ناپسپۆڕ، بەرزکردنەوەی کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان، خۆپاراستن و دەستوەردانی پێشوەختە، بەتایبەت لەنێو گەنجاندا، لەگەڵ رەواندنەوە و کەمکردنەوەی شەرم و عەیبەی کۆمەڵایەتی.
پەیامی ئێمە زۆر روونە: هیچ تەندروستییەک بەبێ تەندروستیی دەروونی بوونی نییە. ئامانجەکە سیستمێکە کە تێیدا خەڵک بتوانن بە شێوەیەکی شایستە و بە کوالێتییەکی بەرز و لەسەر بنەمای بەڵگە، دەستیان بە چاودێری بگات؛ لە خۆپاراستن و پاڵپشتیی سەرەتاییەوە دەستپێبکات، بە چارەسەر و شیاندنەوەدا تێپەڕێت، تاوەکو دەگاتە چاکبوونەوەی تەواو.
: سەبارەت بە دۆسیەی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی چۆن بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی چاودێریی کوالێتیی دەرمانی هاوردەکراو و پاڵپشتیکردنی تاقیگە ناوەندییەکانی عێراق بۆ بەدەستهێنانی متمانەپێکردنی نێودەوڵەتی؟ جەمیلە راعبی: مسۆگەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە دەرمان، پێکوتە، ئامرازەکانی پشکنین و تەکنەلۆژیا تەندروستییە سەلامەت، کاریگەر و کوالێتی-باوەڕپێکراوەکان، یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیستمێکی تەندروستیی بەهێز و هەنگاونان بەرەو داپۆشینی تەندروستیی گشتگیر لە سەرانسەری عێراقدا. تۆمارکردنی دەرمان، پشکنین و چاودێریکردنی ئەو بەرهەمانەی هاوردە دەکرێن و لە بازاڕدا ساغ دەکرێنەوە، بە تەواوی لە ئەستۆی دەسەڵاتە نیشتمانییە پەیوەندیدارەکاندایە. رۆڵی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بریتییە لە بەهێزکردنی توانای دامەزراوەیی و تەکنیکیی سیستمی چاودێریی نیشتمانی و یارمەتیدانی بۆ کارکردن بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
ئەمەش پاڵپشتیکردنی هەڵسەنگاندنی سیستماتیکی بۆ ئەرکە چاودێرییەکان، دەستنیشانکردنی کەلێن و لەپێشینەکان و داڕشتنی پلانی پەرەپێدانی دامەزراوەیی دەگرێتەوە، لەوانە: تۆمارکردنی بەرهەمە پزیشکییەکان، پشکنین، چاودێریی بازاڕ، چاودێریی سەلامەتیی دەرمان، کۆنتڕۆڵی کوالێتی و توانای تاقیگەکان.
لە بواری تاقیگەکاندا، پاڵپشتییەکان تیشک دەخەنە سەر بەهێزکردنی سیستمەکانی بەڕێوەبردنی کوالێتی، توانا تەکنیکییەکان، باوەڕپێکراویی پشکنین و ئەنجامەکان و پابەندبوون بە ستانداردە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، بە شێوازێک کە پاڵپشتی لە رێڕەوی نیشتمانی بکات بەرەو بەدەستهێنانی دانپێدانان و متمانەی نێودەوڵەتی.
گرنگە جەخت لەوە بکەینەوە کە بەدەستهێنانی متمانەپێکردن خۆی لە خۆیدا ئامانجی کۆتایی نییە؛ بەڵکو ئامانجەکە ئەوەیە عێراق خاوەنی سیستمێکی چاودێری و تاقیگەیی نیشتمانیی بەردەوام بێت کە توانای هەبێت کوالێتی، سەلامەتی و کاریگەریی بەرهەمە پزیشکییەکان دەستەبەر بکات، بەرهەمە کوالێتی نزم یان ساختەکان ئاشکرا بکات، و بڕیاری رێکخراوەیی لەسەر بنەمای بەڵگە بدات.
لە سەرجەم ئەم دۆسیانەدا، میتۆدی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی یەک بنەمای هەیە: ئێمە بە بەڵگە و داتاکان دەستپێدەکەین، بۆ دەستنیشانکردنی کەلێن و لەپێشینەکان بەکاریان دەهێنین، پاشان پاڵپشتیی گۆڕینیان دەکەین بۆ سیاسەت، ستراتیژ و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، و توانا و دامەزراوە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردن و بەردەوامبوونیان بنیات دەنێین.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەگەڵ دەسەڵاتە تەندروستییە فیدراڵییەکان، دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و هاوبەشان لە سەرانسەری عێراق کاردەکات، چونکە ئاستەنگە تەندروستییەکان لە سنوورە کارگێڕییەکاندا ناوەستن، و بەدیهێنانی تەندروستی بۆ هەمووان پێویستی بەوەیە کە بەڵگە، سیاسەت، توانا و خزمەتگوزارییەکان بەبێ جیاوازی بگەنە سەرجەم دانیشتووان. رۆڵی رێکخراوەکەش تەنیا لە جێبەجێکردنی چالاکیی تاکەکەسیدا کورت نابێتەوە؛ بەڵکو بە بەرهەمهێنانی بەڵگە و تێگەیشتن لە پێداویستی و کەلێنەکان دەستپێدەکات، دواتر وەرگێڕانی ئەم بەڵگانە بۆ سیاسەت، ستراتیژ و پلانی نیشتمانی، و پاڵپشتیکردنی بنیاتنانی سیستم و تواناکانی پێویست بۆ جێبەجێکردن و پێوانەکردنی دەرەنجامەکانیان. لە کۆتاییدا، سەرکەوتنی ئێمە بە ژمارەی ئەو چالاکییانە ناپێورێت کە جێبەجێیان دەکەین، بەڵکو بە بەهێزیی ئەو دامەزراوە و سیستم و توانا نیشتمانییانە دەپێورێت کە دەمێننەوە و بەردەوام دەبن لە بەدەستهێنانی ئەنجامەکان.




