بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

قەیس خەزعەلی: وەک عەلەوییەکان و پەکەکە چەک رادەست ناکەین

قەیس خەزعەلی: وەک عەلەوییەکان و پەکەکە چەک رادەست ناکەین

دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند،  ئەمریکییەکان پێشنیازیان بۆ کردوون بەشێک لە چەکە ستراتیژییەکانیان رادەستی سوپای عێراق بکەن، بەڵام رەتى کردەوە  بەهاوشێوەی عەلەوییەکان لە سووریا و پەکەکە چەک رادەست بکەن و دەشڵێت: "محەممەد شیاع سوودانی باجی پشتیوانیکردنی ئێرانی داوە بەوەی نەیتوانیوە ولایەتی دووەمی حکومەت وەربگرێتەوە."

قەیس خەزعەلی، بە میدیای فەرمیی عێراقی گوت: 30ى ئەیلوول تایبەتمەندی و گرنگییەکی گەورەی هەیە و دەکرێت ببێتە ساتێکى یەکلاکەرەوە لە سەقامگیریی دەوڵەتی عێراق و تێپەڕاندنی پاشهاتەکانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەرکۆماری ئیسلامیی ئێران.

خەزعەلی رایگەیاند، سنووردارکردنى چەک لەدەستی دەوڵەت پرسێکی گرنگە و خواستى هەر هاووڵاتی و لایەنێکی سیاسی و  نیشتمانی، سەقامگیریی دەوڵەتە کە لەگەڵ ئەوەن چەک لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی بێت و هەر هێزێکی سیاسی کە بەشێک بێت لە دەوڵەت و پێکهاتەی حکومەت، سنووردارکردنى چەک لە بەرژەوەندیدا دەبێت.

بڕیارە  30ى ئەیلوول هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژى داعش هێزەکانیان لە عێراق بکشێننەوە کە مەرجی هەندێک لە گرووپە چەکدارە شیعەکانە بۆ بەشداریکردن لە سنووردارکردنى چەک لەدەستی دەوڵەت.

بەگوتەی خەزعەلی "جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان پاوان کردنی چەک و رادەستکردنی، رادەستکردنی چەک وەک ئەو شێوەیە رەتدەکەنەوە کە عەلەوییەکان لە سووریا و پەکەکە ئەنجامیاندا  "و هەر کەسێک بەو جۆرە چەکی دانا، با خۆى ئامادە بکات بۆ ئەوەی ریش و سمێڵی بتاشرێت."

ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند، مقاوەمە چەکی هەیە کە خۆی دروستیکردووە و ئەزموونێکی باڵایان لەسەر ئەو چەکانە هەیە و پێویستە چارەسەری هۆکاری رەتکردنەوەی چەک دانانی هەندێک لە گرووپەکان بکرێت کە بوونی سوپای بێگانەیە.

ئەمریکا، ئەو گرووپە چەکدارە شیعانەی عێراق کە نزیکن لە ئێران تۆمەتبار دەکات بەوەی هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانیان لە عێراق و ناوچەکە.

عەسائیبی ئەهلی حەق یەکێک بوو لەو گرووپانەی بڕیاریاندا پەیوەندییان لەگەڵ هێزەکانیان لەنێو حەشدی شەعبی بپچڕێنن وەک یەکێک لە هەنگاوەکانی سنووردارکردنى چەک لەدەستی دەوڵەت.

قەیس خەزعەلی رایگەیاند، دانوستاندنەکان بۆ سنووردارکردنى چەک لەگەڵ لایەنى ئەمریکی نەبووە، بەڵکو لەگەڵ حکومەتی عێراق بووە و لە رێگەی نێوەندگیرێکەوە پەیامێکی ئەمرکییەکانیان پێگەیشتووە کە داوایان لە عەسائیبى ئەهلى حەق کردووە بەشێک لە چەکە ستراتیژییەکانیان رادەستی سوپا بکەن تاوەکو لەبەرامبەردا ڤیتۆیان لەسەر هەڵبگرن و وەڵامیان ئەوە بووە کە دەبێت سنوورداکردنى چەک لەدەستی دەوڵەت بڕیارێکی نیشتمانی بێت.

لەبارەی هێزی پێشمەرگە، خەزعەلی رایگەیاند، پێشمەرگە هێزێکی فەرمییە و لەژێر فەرماندەیی سیاسیی هەرێمی کوردستاندایە و پەیوەندی بە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە نییە و پێویستە پابەند بێت بە رێکار و رێنماییەکانی فەرماندەی گشتییەوە و دەبێت سەرکردایەتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پەیوەندییان لەگەڵ پێشمەرگە بپچڕێنن.

 سنووردارکردنى چەک لەدەستى دەوڵەت یەکێکە لەو هەنگاوانەی واشنتن داوای دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی ئاسایی لەگەڵ عێراق هەبێت.

قەیس خەزعەلی رایگەیاند: "عێراق لە پێشینەی پشتیوانی و هاوکاریی ئێران بووە بەهۆکاری جوگرافی و مێژوویی و کۆمەڵایەتی و بەهۆی هەڵوێستی پشتیوانیکردنی ئێرانەوە محەممەد شیاع سوودانی باجەکەی داوە بەوەی نەیتوانی ویلایەتی دووەمی سەرۆکایەتی حکومەت بەدەست بهێنێتەوە."

ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند: ئەمریکا و رۆژئاوا تاوەکو ئێستا بە چاوێکی گوماناوی لە عێراق دەڕوانن و حکومەتی عەلی فالح زەیدی لەچاوی ئەواندا لەژێر تاقیکردنەوەدایە و حکومەت چەند جارێک داوای پارەی نەختی کردووە، بەڵام تەنیا 500 ملیۆن دۆلاریان پێداوە.

سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان