دیجیتاڵ
بڕیارە لە سبەیەوە دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران لە سلێمانی و هەڵەبجە دەستپێبکات. بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی هەولێر دەڵێ، دابەشکردنی پارەیان دەست پێکردووە و بەردەوام دەبن.
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیاییی گوت: "دابەشکردنی پارە لە سبەیەوە دەستپێدەکەین و سبەی 300 جووتیار پارەی گەنمەکەیان وەردەگرن".
نەسرین ئەحمەد سەرپەرشتیی سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەکات و دەڵێت: "پارەکە بۆ جووتیارانی هەڵەبجەیشە. دابەشکردن رۆژانی دواتریش بەگوێرەی بڕی پارەی هاتوو دابەش دەکرێ".
ئەوانەی سبەی دەتوانن لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە پارەی گەنم وەربگرن، دەبێت ژمارەی پسوولەکانیان لە 1531 بۆ 1850 بێت. ئەو جووتیارەی دەچێت بۆ وەرگرتنی پارەی گەنم، ئەگەر خۆی ئامادە نەبێت، دەبێت ئەو کەسەی دەچێت بۆ پارەکە بریکارنامەی نوێی پێ بێت.
ئەم گوژمەی پارەی جووتیاران کە حکومەتی عێراق خەرجی کردووە، بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:
- سلێمانی و هەڵەبجە: 29 ملیار و 93 ملیۆن و 449 هەزار دینار
- هەولێر: 24 ملیار و 815 ملیۆن و 610 هەزار دینار
- دهۆک: 22 ملیار و 385 ملیۆن و 125 هەزار دینار
میران بەختیار، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵەی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیاییی گوت: "دوێنێ دابەشکردنی پارەی گەنممان دەستپێکرد. بە درێژایی ئەم هەفتەیە و رۆژانی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممەی هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی پارەکە بەردەوام دەبێت".
ئەم ساڵ 12ی حوزەیران دەرگەی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە و تاوەکو 18ی تەممووز نزیکەی 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانیان وەرگرت.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق نزیکەی 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێ و تۆنی بە 700 هەزار دینارە، کە دەکاتە نزیکەی 200 ملیار دینار، هەروەها نزیکەی 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان وەرگیرا و تۆنی بە 500 هەزار دینارە.
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت. ساڵی 2025 کەمی کردەوە بۆ 400 هەزار تۆن بە نرخی 800 هەزار دینار بۆ تۆنێک.




