بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

پۆلیسی راپەرین: گەنجێکمان دەستگیرکرد کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی نەشیاوی لە کچێک دەکرد

پۆلیسی راپەرین: گەنجێکمان دەستگیرکرد کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی نەشیاوی لە کچێک دەکرد

دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی دەڵێ، دوای سکاڵای کچێک، تۆمەتبارێکیان لە پیرەمەگروون دەستگیرکرد کە ژیری دەستکردی بۆ دروستکردنی ڤیدیۆی نەشیاو و هەڕەشەکردن بەکارهێنابوو. رۆژی یەکشەممە 27 ئەیلوولی 2026، شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەرین بەی گوت: "تۆمەتبارێکمان بە هاوبەشیی پۆلیسی پیرەمەگروون دەستگیرکرد کە بە بەکارهێنانی ژیری دەستکرد ڤیدیۆی نەشیاوی بۆ وێنەی ئاسایی کچێکی دەزگیراندار دروستکردبوو و لە چەناڵێکی تێلیگرام هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی لێدەکرد لە پێناو وەرگرتنی پارەدا".  

گوتەبێژی پۆلیسی راپەرین روونی کردەوە، کچەکە دانیشتووی شاری رانیەیە کە چەند وێنەیەکی ئاسایی خۆی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام تۆمەتبارەکە بە سوود وەرگرتن لە ژیری دەستکرد دەستکاری وێنەکانی کردووە و ڤیدیۆیی نەشیاوی لێ درووست کردوون و دواتریش هەڕەشەی لە کچەکە کردووە ئەگەر پارەی پێ نەدات، بڵاوی دەکاتەوە.

بەگوتەی شۆڕش ئیسماعیل، تۆمەتبارەکە تەمەنی 24 ساڵە بە ناوی (ف.ص.ئ)، دانیشتووی ناحیەی پیرەمەگروونە لە پارێزگای سلێمانی.

شۆڕش ئیسماعیل گوتی، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر، ئەو هاونیشتمانییە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکرا و دەستیش بەسەر5 مۆبایل، 1 لاپتۆپ و 7 میمۆریدا گیرا کە سەرجەمیان وێنە و ڤیدیۆی درووستکراوی تێدا بوو.

 پۆلسیی راپەرین دەڵێ: "تۆمەتبار لای پۆلیس و لە دادگەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بە بڕیاری دادوەر بەپێی مادەی قەدەخەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، راگیراوە."

سەرچاوە: krd24.net — لە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان