دیجیتاڵ
کارکردن لە کانە بەردەکانی چیای تۆپزاوا و دەوروبەری شاری کۆیە لە پارێزگای هەولێر راگیراوە. کۆمەڵێک کاسبکاری ناوچەکە دەڵێن، نزیکەی 150 خێزان زەرەرمەندن. کارگێڕیی قەزاکەش ئاماژە بە بڕیاری فەرمیی وەزارەتی ناوخۆ بۆ راگرتنی کاتیی کارکردن لەو کانانەدا بەهۆی سکاڵای ژینگەییەوە دەدات.
هەکاری وەهاب، نوێنەری بەشێک لەو کەسانەی لە کانە بەردەکانی کۆیە، لەبارەی راگرتنی کارەکانیانەوە رایگەیاند: "ئێمە نزیکەی 150 خێزانین کە بژێویمان لەسەر دەرهێنانی بەرد لە چیای تۆپزاوای کۆیە و گواستنەوەی بۆ کارگەکانی هەولێر بەندە. بەردەکان بۆ دروستکردنی کاشی و کەرەستەی بیناسازی بەکاردێن و چەندین ساڵە باوک و باپیرانمان ئەم کارە دەکەن."
هەکاری وەهاب روونیکردەوە کە بڕیاری راگرتنی کارەکانیان زیانی دارایی گەورەی بە کاسبکارانی ناوچەکە گەیاندووە و ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە نووسراوی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگای هەولێرمان پێیە، بەڵام لەلایەن قایمقامییەتی کۆیەوە رێگەمان پێ نادرێت دەست بەکارکردن بکەینەوە."
بەپێی بەڵگەنامە و نووسراوە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە ژمارە (2797) لە رێککەوتی (2026/9/1)، فەرمانی وەزاری دەرچووە بۆ پەسندکردنی پێشنیازەکانی کۆنووسی لیژنەی بەدواداچوون تایبەت بە بابەتی کانە بەردەکانی سنووری قەزای کۆیە. هەروەها نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی موڵکایەتیی پارێزگای هەولێر بە ژمارە (12999) لە رێککەوتی (2026/9/9)، ئاراستەی قایمقامییەتی قەزای کۆیە کراوە بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی کۆنووس و فەرمانە وەزارییەکە.
لەبەرامبەردا تارق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە، سەبارەت بە هۆکاری راگرتنی کارکردن لەو کانانەدا رایگەیاند: "سەرەتا لەلایەن هاووڵاتییان، ژینگەدۆستان و رێکخراوە ژینگەییەکانەوە سکاڵا لەسەر بنچینەی دەستکاریی سروشت و تێکدانی ژینگەی ناوچەکە تۆمارکرا. دواتر داواکاریی گشتی دۆسیەکەی جووڵاند و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا."
تارق حەیدەری گوتی، ئەنجوومەنی وەزیران بابەتەکەی سپاردووە بە وەزارەتی ناوخۆ و لیژنەیەکی مەیدانیی تایبەتمەند سەردانی کانە بەردەکانی کۆیەیان کرد و لەسەر بنەمای راپۆرتی لیژنەکەی وەزارەتی ناوخۆ کە لەلایەن وەزیری ناوخۆوە پەسند کراوە، بڕیار دراوە کارکردن لەو کانە بەردانە تاوەکو کاتێکی نادیار بوەستێندرێت تاوەکو رێنمایی و میکانیزمی نوێ دەردەچێت، کارگێڕیی ناوچەکە پابەندی جێبەجێکردنی ئەو فەرمانە دەبێت.




