بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

وەزارەتی دارایی سیستمی نوێی تۆمارکردنی زانیاریی فەرمانبەران دەخاتەکار

وەزارەتی دارایی سیستمی نوێی تۆمارکردنی زانیاریی فەرمانبەران دەخاتەکار

دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە کۆکردنەوە و یەکخستنی زانیارییەکانی فەرمانبەرانی دامەزراوە حکومییەکان، لەپێناو رێکخستنی میلاکی هەمیشەیی، گرێبەستەکان و کرێکارانی رۆژانە بۆ ساڵی 2026.

بەپێی نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بودجە، کە لە 13ی ئەیلوولی 2026 بۆ هەموو وەزارەت، فەرمانگە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان نێردراوە، داوا کراوە زانیارییەکان لە 15 رۆژدا لە فۆرم و سیستمی دیاریکراودا تۆماربکرێن و بە شێوەی ئەلیکترۆنی بۆ وەزارەتی دارایی بنێردرێن.

بۆ ئەم مەبەستە، شەش خشتەی ئەکسڵ ئامادەکراون کە هەر یەکێکیان بۆ جۆرێک لە میلاک و شێوازی دابینکردنی مووچە تەرخان کراوە، لەوانە میلاکی هەمیشەیی و گرێبەستی ئەو فەرمانبەرانەی مووچەیان لە دارایی عێراق وەردەگرن، کرێکارانی رۆژانە، گرێبەستەکانی بودجەی ئاسایی، گرێبەستەکانی پەرەپێدان و ئەو گرێبەستانەی مووچەیان لە داهاتی ناوخۆوە دەدرێ.

هەر خشتەیەک سێ بەش لەخۆدەگرێ: بۆ فەرمانبەرانی میلاکی هەمیشەیی، بۆ گرێبەستەکان و بۆ کرێکارانی رۆژانە. ئەم پرۆسەیە تەنیا زانیاریی فەرمانبەرانی هەمیشەیی کۆناکاتەوە، بەڵکو گرێبەستەکان و کرێکارانی رۆژانەش دەگرێتەوە.

لە فۆرمەکاندا داوا کراوە زانیاریی وردی فەرمانبەر تۆمار بکرێ، وەک ژمارەی کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو، ژمارەی فەرمانبەری و ئاماری، ناوی بەرنامە و کۆدی بەرنامە، ناونیشانی کار، پلە و قۆناخ، شوێنی کار و جۆری یاسا یان بڕیاری دامەزراندن.

لە هەمان کاتدا زانیارییە داراییەکانیش بەشێکی سەرەکیی ئەم پرۆسەیەن.مووچەی ناوەندی، جۆر و بڕی مووچە و دەرماڵە، بنەمای دابینکردنی مووچە لە بودجەی فیدراڵی، داهاتی ناوخۆ، بودجەی ئاسایی یان بودجەی پەرەپێدان، دەبێت بە وردی دیاری بکرێن.

وەزارەتی دارایی لە رێنماییەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە هەر دامەزراندنێکی نوێ، گواستنەوە یان رێکخستنی میلاک دەبێت لەسەر بنەمای ئەو داتایە بکرێ کە لە سیستەمەکە تۆمار دەکرێ. هەروەها دەبێت زانیارییەکانی هەر فەرمانگەیەک لەگەڵ لیستی مووچە و پڕۆژە و بەرنامەکانی بودجەیی خۆی بگونجێت.

خشتە نێردراوەکان داتای راستەوخۆی ژمارەی فەرمانبەرانی تێدا نییە و بە شێوەی فۆرمی تۆمارکردن ئامادە کراون. بۆیە، ئێستا ناتوانرێ ژمارەی فەرمانبەرانی هەر پۆلێک یان بڕی خەرجی مووچەکان دیاری بکرێ، تاوەکو دامەزراوەکان فۆرمەکان پڕ نەکەنەوە و داتاکان یەک نەخرێن.

سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان