دیجیتاڵ
بەهۆی کەمیی مووچە و سەختیی دۆخی بژێویی ژیان، شەپۆلێکی دەستلەکارکێشانەوەی مامۆستایان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە؛ لە کاتێکدا کەرتی پەروەردەی ئەو وڵاتە بەدەست کورتهێنانی 90 هەزار مامۆستاوە دەناڵێنێت.
ماوەی چەند رۆژێکە دەستلەکارکێشانەوەی مامۆستایان لە قوتابخانە جیاوازەکان بووەتە رۆژەڤ. لەو چوارچێوەیەدا، مامۆستایەکی خەڵکی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە ناوی ئەرشیا بازانی گرتەیەکی ڤیدیۆیی خۆی بڵاوکردەوە و بە گریانەوە دەستلەکارکێشانەوەی لە کەرتی پەروەردە راگەیاند و گوتی: "مووچەی مانگانەکەم تەنانەت بەشی کرێی هاتووچۆی رۆژانەشم ناکات، ئەم دۆخە بەهیچ شێوەیەک شایستەی مامۆستا نییە."
ئەرشیا بازانی، ئەو مامۆستایەی ئەمڕۆ دەستی لە کار کێشایەوە بەی گوت:"مووچەی مامۆستا زۆر کەمە 14 بۆ 15 ملیۆن تمەنە ئەوەش بەشی بژێوی ژیانمان ناکات و بەو هۆیەوە دەستم لە کار کێشاوەتەوە."
ئەرشیا بازانی گوتیشی لەو ماوەیەدا زیاتر لە 15 مامۆستای کورد دەستیان لە کار کێشاوەتەوە، بەڵام بە فەرمی بڵاویان نەکردووتەوە." ئەرشیا بازانی ماوەی یەک ساڵە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی سنە وانە دەڵێتەوە.
ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی رێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران هۆشداری دەداتە حکومەت و رایدەگەیێنێت: "دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی مامۆستایان مەترسییەکی گەورە لەسەر داهاتووی کەرتی پەروەردە دروست دەکات."ئەنجوومەنەکە جەختیش دەکاتەوە کە بە تەواوی پشتیوانی لە داواکاری و مافە رەواکانی مامۆستایان دەکات.
ئەم شەپۆلە لە دەستلەکارکێشانەوە لە کاتێکدایە، کەمتر لە هەفتەیەکە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکردووە و زیاتر لە 16 ملیۆن و 700 هەزار قوتابی روویان لە پۆلەکانی خوێندن کردووە.
هاوکات عەلیڕەزا کازمی، وەزیری پەروەردەی ئێران دانی بە قەیرانەکەدا ناوە و رایگەیاندووە کە بۆ ساڵی نوێی خوێندن، کەرتی پەروەردەی وڵاتەکە رووبەڕووی کەمیی 90 هەزار مامۆستا بووەتەوە.




