دیجیتاڵ
شاخەوانێکی بەئەزموونی خەڵکی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ماوەی شەش رۆژە لە کاتی سەرکەوتنیدا بۆ سەر چیای دەماوەند بێسەروشوێنە و ئۆپەراسیۆنی گەڕان بەدوایدا بەردەوامە.
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، تیمەکانی مانگی سووری ئێران، کۆمیتەی پزیشکیی شاخەوانی، تیمەکانی فریاکەوتن و شاخەوانانی کوردی نیشتەجێی تاران پێکەوە بەدوایدا دەگەڕێن؛ ئۆتۆمبێلەکەی و بەشێک لە کەلوپەلەکانی شاخەوانیی لە بناری چیاکەدا دۆزراونەتەوە.
بۆ بەشداریکردن و چاودێریکردنی راستەوخۆی پڕۆسەی گەڕانەکە، ئەمڕۆ تیمێکی تایبەت لە شاری سنەوە کە لە چەندین شاخەوانی بەئەزموون، پزیشک و پارێزەر پێکهاتوون، گەیشتوونەتە چیای دەماوەند تاوەکو هاوکاریی خێزانەکەی و تیمەکانی فریاگوزاری بکەن.
زانکۆ قەڵعەپەرداز، تەمەنی 42 ساڵە و مامۆستای زمانی ئینگلیزییە لە شاری سنە. پێشتریش چەندین جار بە تەنیا چووەتە چیای دەماوەند و گەیشتووەتە لووتکەکەی.
چیای دەماوەند دەکەوێتە پارێزگای مازەندەران لە باکووری ئێران و بەشێکە لە زنجیرەچیای ئەلبورز؛ بەرزییەکەی 5 هەزار و 610 مەترە لە ئاستی دەریاوە و بەرزترین لووتکەی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.




