بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

بڕیارە لە کەرکووک نزیکەی 54 هەزار پارچە زەوی نیشتەجێبوون دابەش بکرێت

بڕیارە لە کەرکووک نزیکەی 54 هەزار پارچە زەوی نیشتەجێبوون دابەش بکرێت

  دیجیتاڵ

بڕیارە نزیکەی 54 هەزار پارچە زەوی لە پارێزگای کەرکووک بۆ نیشتەجێبوون دابەش بکرێت. کورد دەڵێ، نابێت دابەشکردنی زەوییەکان لەسەر حیسابی ئەوان بێت، تورکمانیش مەرجی هەیە و عەرەبیش دڵنیایی دەدات.

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەستپێشخەریی دابینکردنی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوونی راگەیاندووە و داوای لە سەرجەم پارێزگاکان کرد کە دەستبەکاربن و زەویی پێویست تەرخان بکەن. کەرکووک، بەهۆی هەستیاریی دۆخەکەیەوە، یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە زۆرترین چاوی لەسەرە، بەتایبەتی بۆ کورد.

حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رۆژی چوارشەممە، 23ی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند، "پشتیوانیی تەواو لە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خەڵکی شایستە لە کەرکووک دەکەن و بە مافی ئەوانی دەزانن، بەڵام پێویستە تایبەتمەندیی کەرکووک رەچاو بکرێت و نابێت لەسەر حیسابی زەوییەکانی کورد بێت، بەتایبەتی ئەو زەوییانەی دەکەونە چوارچێوەی مادەی 140ی دەستووری عێراق".

یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە، 22ی ئەیلوولی 2026ی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، تاوتوێکردنی دەستپێشخەریی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو بۆ دابەشکردنی زەویی نیشتەجێبوون.  بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنەکە، "ناکۆکییە سیاسییەکان نابنە رێگر لەبەردەم بێبەشکردنی خەڵکی کەرکووک لەو مافەیان و پێویستە رێکارەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە ماف و شایستەیی هاووڵاتییان بەردەوام بن."

 بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنەکە، "تاوەکو ئێستا دابەشکردنی زەوییەکان بە فەرمی یەکلانەبووەتەوە، رێنمایی تایبەت دەرنەچووە و ئەو پرسە لە گفتوگۆدایە."هەروەها، حەسەن مەجید باسی لەوەش کرد، وەزارەتەکان لە پارێزگای کەرکووک زەوی تایبەت بەخۆیان هەیە و دەتوانن ئەو زەوییانە بەسەر فەرمانبەرانیاندا دابەش بکەن، نەک زەوی کورد.

پێکهاتەی عەرەبی پشتیوانی لە دابەشکردنی زەوی دەکات و دڵنیایی دەدات، رەعد ساڵح، ئەندامی پێکهاتەی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رۆژی چوارشەممە، 23ی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیاییی راگەیاند، لیژنە پەیوەندیدارەکانی کەرکووک کاریان لەسەر ئامادەکردنی زەوییەکان کردووە و سەرەتا نزیکەی 100 هەزار پارچە زەوییان تەرخان کردبوو، بەڵام دواتر بەهۆی ئەوەی بەشێکی دەکەوتە نێو زەوییەکانی مادەی 140، بۆ نزیکەی 50 هەزار پارچە زەوی کەمکرایەوە، بەڵام هێشتا هەندێک لەو زەوییانە کێشەیان هەیە و بڕیاری کۆتاییان لەسەر نەدراوە.

بە گوتەی ئەو ئەندامەی پێکهاتەی عەرەب، زەوییەکان بەسەر قەزا و ناحیەکاندا دابەش دەکرێن و هەر کەسێک لە زێدی لەدایکبوونی خۆی زەوی پێدەدرێت. گوتیشی: "ئەوەی لەدایکبووی حەویجە بێت، تەنانەت ناتوانێت زەوی لە ناحیەی زاب وەربگرێت کە دەکەوێتە چوارچێوەی قەزای حەویجە، تەنیا لە زێدی لەدایکبوونی خۆی زەوی پێدەدرێت."

عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ تۆڕی میدیاییی قسەی کرد و پشتیوانیی لە هەوڵەکانی دابەشکردنی زەوی کرد و رایگەیاند: "ژمارەکە نزیکەی 54 هەزار پارچە زەوییە و تا ئەوپەڕی هەوڵ دراوە ئەو زەوییانە نەگرێتەوە کە دەکەونە نێو زەوییەکانی مادەی 140 و شوێنی زەوییەکانیش دیاریکراون."

تورکمانی هەستیارییەوە دەڕوانێتە پرۆسەکە و مەرجی هەیە لەمبارەیەوە، ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەرەی تورکمانیی عێراقی، رایگەیاند، "پشتیوانیی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شایستە دەکەین، بەو مەرجەی یاسایی بێت، دوور بێت لە ململانێ، مافی خەڵکی کەرکووک بپارێزێت و لە داهاتوودا هیچ کێشەیەکی لێنەکەوێتەوە."

بەگوتەی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بڕیارە دابەشکردنی زەوییەکان لە سنووری پارێزگای کەرکووک بەم شێوەیەی خوارەوە بێت:

- 600 دۆنم زەوی لە یاروەلی، نزیک بەنداوی خاسە و حەولییەکەی کەرکووک. - 27  دۆنم لە چۆپلیجە. - 500 دۆنم لە حەویجە، لەسەر رێگەی بەگارە. - 160  دۆنم لە ناحیەی ریاز. - 250  دۆنم لە ناحیەی رەشاد. - 85  دۆنم لە ناحیەی زاب.  - 1200 دۆنم زەوی لە شەریفییە. - 200 دۆنم لە ناحیەی پردێ. - 114 دۆنم لە ناحیەی شوان. - 500 دۆنم لە قەزای دوبز.  - 434 دۆنم لە داقووق. 170 -دۆنم لە قەرەهەنجیر.

سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان