بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

خواستێکی زۆر لەسەر درێسی ئامەدسپۆر هەیە؛ "ئێستا لەبری شیرینی درێس دەکەینە دیاری"

خواستێکی زۆر لەسەر درێسی ئامەدسپۆر هەیە؛ "ئێستا لەبری شیرینی درێس دەکەینە دیاری"

دیجیتاڵ

ژمارەی هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر رۆژ لە دوای رۆژ لەنێو کورددا زیاتر دەبێت و لەگەڵ ئەمەشدا، خواست لەسەر کڕینی درێسەکانی یانەکە چەند بەرامبەر زیاد دەکات. فرۆشگاکان فریای دابینکردنی درێسەکان ناکەون و هەر بڕێک دەخرێتە بازاڕەوە، دەستبەجێ نامێنێت.

هاندەران دەڵێن بەهۆی نەبوونی درێسەوە ناتوانن بە دڵی خۆیان بیکڕن، بەڵام لە هەمان کاتدا دڵخۆشن بەو خواستە زۆرەی لەسەر درێسی یانەکەیان هەیە.

حەسەن باران بەی راگەیاند: "من لە دەرەوەی شارەوە هاتووم، لەوێ نەبوو. چووینە جەیلانلار، لەوێش نەبوو، وا هاتووینەتە ئێرە."

ئۆزکان دەمار، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و دەڵێت، "من وا ماوەی 10 رۆژە چاوەڕێی درێسم."

گوڵێ، یەکێکی دیکە لە هاندەران دەڵێت، "ئەمە سێیەم جارە دێم و هیچ شتێک بە دڵی خۆم نادۆزمەوە،"هاوکات باوەر ئۆزەر دەڵێت، "نە بە قەبارەی من ماوە، نە بە قەبارەی منداڵ."

یەکێک لە هۆکارەکانی زۆریی خواست لەسەر درێسەکان ئەوەیە کە خەڵکی نەک تەنیا بۆ خۆیان، بەڵکو وەک دیاری بۆ خێزان و هاوڕێکانیان دەیکڕن، بۆیە یانەی ئامەدسپۆر فریای جێبەجێکردنی داواکاریی هاندەرانی ناکەوێت.

ئیبراهیم ئۆگوزسۆی، هاونیشتمانییەکە و باس لەوە دەکات، "کاتێک دەچووینە میوانی، شیرینیمان دەبرد، بەڵام ئێستا درێس دەبەین. بۆ نموونە من ئێستا دەچمە گەڤەر، درێسی ئامەدسپۆریان بۆ دەبەم بۆ ئەوەی دڵخۆش بن."

مەحمەت ئاکتاش، کوردێکی دانیشتووی سویسرایە و دەڵێت، "ئێستا ئەو هاوڕێیانەی پەیوەندیم پێوە دەکەن دەڵێن لە کوێیت؟ دەڵێم لە ئامەدم. دەڵێن کاتێک هاتیتەوە، تکایە درێسێکم بۆ بهێنە."

بە گوتەی مستەفا تاشین، ئەو نزیکەی 15 درێسی بۆ هاوڕێیانی لە سوێد و چەندین شوێنی دیکە کڕیوە و ناردوویەتی.

وەلات کزلکایا، یەکێکی دیکە لە هاندەران پێی وایە، "ئەمڕۆ 5 هەزار دانەش بهێنیت، هەر تەواو دەبێت."

بەگوێرەی راپرسییەکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی کە مانگێک لەمەوبەر لە تورکیا و باکووری کوردستان کردوویەتی، لە ماوەی ساڵێکدا ژمارەی ئەو کوردانەی هاندەری ئامەدسپۆرن لە یەک ملیۆنەوە بۆ 4 ملیۆن کەس زیادی کردووە، ئەمە بێجگە لە منداڵان.

سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان