بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، نمایشی تایبەتی فیلمی "بەهەشت نابینی ئەگەر ژن بتکوژێت"لە هەولێر بەڕێوەچوو

بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، نمایشی تایبەتی فیلمی "بەهەشت نابینی ئەگەر ژن بتکوژێت"لە هەولێر بەڕێوەچوو

دیجیتاڵ

دوای بەشداریی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس، رۆژی دووشەممە، 18ی ئەیلوولی 2023، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نمایشی تایبەتی فیلمی سینەمایی "بەهەشت نابینی ئەگەر ژن بتکوژێت"لە سینەما ئێمپایەری هەولێر بەڕێوەچوو.

لە نمایشەکەدا، هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری فیلمەکە و ئاڤان جەمال، ئەکتەری سەرەکی، شانبەشانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕین. نزیکەی 400 کەس ئامادەی نمایشە تایبەتەکە بوون و فیلمەکە لە 3 هۆڵی سینەمادا پێشکێشکرا، کە کاردانەوەی جیاواز و پڕ جۆش و خرۆشی لێکەوتەوە.

هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری فیلمەکە رایگەیاند، "ئەم فیلمەم بۆ رۆحی ماندووی ژنی کورد دروستکردووە کە سەدان ساڵە خەبات دەکات. ئەم فیلمەم پێشکێشە بە ژنانی کورد لە هەموو دنیا و دەمەوێت کورد شانازی بکات کە ئێستا فیلمێکی هەیە لە 10 باشترین فیلمی جیهانە."

ئاڤان جەمال، ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە گوتی، "هیوادارم ئەو خەڵکەی کە دێن، فیلمەکەیان بەدڵبێت و چێژی لێ ببینن و وانەی لێوەربگرن."

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ستایشی رۆڵی ئاڤان جەمالی کرد و گوتی، "پڕ بە دڵ و بەبێ موجامەلە سوپاسی رۆڵی ئاڤان خان دەکەم کە بەڕاستی بەرخودانی هەمووانی پیشانی ئێمە دا. داواکارم چەپڵەیەکی بەهێزی بۆ لێبدەن، بەڕاستی ئیشێکی گەورەی کرد."

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "فیلمێکی نایاب بوو، بەڕاستی دەرهێنەرەکەی لە ئاستی جیهانیدا بوو."هاوکات ژمارەیەک لە هونەرمەندان و ئامادەبووان ستایشی ئاستی فیلمەکەیان کرد و بە بەرهەمێکی سەرکەوتوویان لە قەڵەمدا.

فیلمی "بەهەشت نابینی ئەگەر ژن بتکوژێت"ماوەکەی 110 خولەکە و بەرهەمی نۆ ساڵ کاری بەردەوامە. بڕیارە لە رۆژی 22ی ئەم مانگەوە لە سینەماکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک نمایش بکرێت. هەروەها کۆمپانیای سۆنی ئێمپایەر فیلمەکە لە 16 وڵاتی عەرەبی و لە ماوەیەکی نزیکیشدا لە سینەماکانی عێراق نمایش دەکات.

سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان