بازی بکە بۆ ناوەڕۆک
krd24.netkrd24.net

زمانی کوردی لە سیستمی تاقیکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری لە کەرکووک لابرا

زمانی کوردی لە سیستمی تاقیکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری لە کەرکووک لابرا

دیجیتاڵ

لە سیستمی نوێی ئەلیکترۆنی بۆ تاقیکردنەوەی وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی کەرکووک، زمانی کوردی لابراوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەو هاونیشتمانییە کوردانەی زمانی عەرەبی نازانن، لە تاقیکردنەوەکە دەرنەچن.

رۆژی دووشەممە، 29-01-2024، ژمارەیەک لەو کەسانەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی کەرکووکیان کردبوو بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری، بە تۆڕی میدیایییان گوت، بەهۆی لابردنی زمانی کوردی لە سیستمی تاقیکردنەوەی ئەلیکترۆنی، نەیانتوانیوە وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە و لە تاقیکردنەوەکە دەرنەچوون.

بێستوون عەلی، یەکێک لەو کەسانەی لە تاقیکردنەوەکە دەرنەچووە، گوتی: "19 کەس پێکەوە چووینە ژوورەوە، هیچ کاممان دەرنەچووین، چونکە کورد بووین و عەرەبیمان نەدەزانی."

لابردنی زمانی کوردی لە کاتێکدایە کە بەپێی دەستووری عێراق، زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە.

رێوان کاوە، یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی تاقیکردنەوەکە، دەڵێت: "ئەو کەسەی بە کوردی خوێندوویەتی، نازانێت بە عەرەبی وەڵام بداتەوە و وەک ئەوان [عەرەبەکان] تێناگات."محەممەد تاریق-یش دەڵێت: "تەنیا زمانی کوردی دەزانین، گەر کوردی نەبێت چۆن وەڵام بدەینەوە؟"

تیمی بۆ بەدواداچوونی کێشەکە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی کەرکووکی کرد، بەڵام رێگەیان پێنەدرا بچنە ژوورەوە و بەرپرسانیش هیچ روونکردنەوەیەکیان نەدا.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی کەوتوون، لابردنی زمانی کوردی بەهۆی گۆڕانکارییە لە سیستمی نوێی مۆڵەتی هاتووچۆ لە بەغداوە، کە تەنیا زمانی عەرەبی تێدا دانراوە. هاتووچۆی کەرکووکیش بە نووسراوێکی فەرمی داوای کردووە زمانی کوردی و تورکمانی بۆ زیاد بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.

دوای گەیاندنی کێشەکە بە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بڕیاریانداوە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکەن.

شۆخان حەسیب، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بەی گوت: "نوێنەرانی خۆمان لە پەرلەمانی عێراق ئاگادار کردووەتەوە کە رێگری بکەن و بێنە سەر هێڵ. کاتێک پەیوەندیم بە هاتووچۆی کەرکووکەوە کرد، گوتیان ئەمە تەنیا لە کەرکووک نییە، بەڵکو لە هەموو عێراقە و سیستەمەکە لە وەزارەتەوە هاتووە."

شۆخان حەسیب ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەکەی بە د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گەیاندووە و ئەویش بەڵێنی داوە "لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ قسە بکات."

چاوەڕێ دەکرێت ئەم کێشەیە لە فەرمانگەکانی دیکەی کەرکووکیش دووبارە ببێتەوە، چونکە زۆربەی فەرمانگەکان لە گۆڕانکاریدان بۆ گۆڕینی سیستمی کاخەز بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی.

سەرچاوە: krd24.netلە ڕێگەی: رووداو

هەواڵە پەیوەندیدارەکان