دیجیتاڵ
پارێزگاری کەرکووک بڕیاری پێدانی کارەبای لەلایەن موەلیدە ئەهلییەکانەوە هەموارکردەوە و رایگەیاند، لە شارەکەدا سیستمی کارپێکردنی مۆلیدەکان هاوشێوەی پێشوو دەکرێتەوە بە 24 کاژێری.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگای کەرکووک کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکرایەوە، لەسەر راسپاردە و بەدواداچوونی محەممەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکووک، بڕیاری کارپێکردنی موەلیدە ئەهلییەکان لە نێو شاری کەرکووک هەموار کرایەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە، ئاڤێستا شێخ محەممەد، قایمقامی کەرکووک سەرجەم مۆلیدە ئەهلییەکانی نێوەندی شاری راسپاردووە کە کارپێکردنی موەلیدەکانیان بکەنەوە بە سیستمی 24 کاژێری وەک ئەوەی پێشتر کاری پێدەکرا.
لەبارەی هۆکاری بڕیارەکەش، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم هەنگاوە لە وەڵامی داواکاری و ناڕەزایەتیی هاووڵاتییاندا بووە؛ هەروەها بە ئامانجی دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە دابینکردنی وزەی کارەبا و خزمەتکردنی زیاتری دانیشتووانی شارەکە دراوە.
پارێزگاری کەرکووک باسی لەوەش کردووە، پێویستە سەرجەم خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان بە تەواوی پابەندی سیستمی کارپێکردنی دیاریکراو بن، بە پێچەوانەوە هەر سەرپێچییەک بکرێت رێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر خاوەن مۆلیدەکان دەگیرێتەبەر.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا، دژی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی و کارپێنەکردنی موەلیدە ئەهلییەکان، هاووڵاتییانی کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد.




