دیجیتاڵ
بەهاوکارى رێکخراوى نێودەوڵەتى کۆچ، پرۆگرامێک بۆ گەڕانەوەى 410 خێزانى ئاوارەى شنگال لە کەمپەکانى دهۆک دەستپێدەکات و بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە یەکەم کاروانیان بگەڕێنەوە.
هەینى 11ى ئەیلوولى 2026، پیر دەیان کۆچۆ، بەڕێوەبەرى کۆچ و کۆچبەرانى دهۆک بە تۆڕى میدیاییى راگەیاند، بەهاوکارى رێکخراوى نێودەوڵەتى کۆچ، دەست بە جێبەجێکردنى پرۆگرامێک کراوە بۆ گەڕانەوەى خۆویستانەى ئاوارەکانى شنگال کە لە کەمپەکانى سنوورى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆن، کە لە ئەم مانگە دەستپێدەکات بۆ مانگى حوزەیرانى 2027.
پرۆگرامەکە ئەو ئاوارانەى قەزاى شنگال دەگرێتەوە کە لە 15 کەمپى سنوورى پارێزگاى دهۆکن، بەگوێرەى ئامارى نووسینگەى کۆچ و کۆچبەرانى شارەکە زیاتر لە 270 هەزار ئاوارەى شنگال لەناو کەمپەکان و دەرەوەین.
بەڕێوەبەرى کۆچ و کۆچبەرانى دهۆک رایگەیاند کە ئەو بەرنامەیە بۆ گەڕانەوەى 410 خێزانى ئاوارەیە و رێکخراوى نێودەوڵەتى کۆچ بۆ گەڕانەوەى هەر خێزانێک یەک ملیۆن و 50 هەزار دیناریان دەداتێ و ئۆتۆمبێلی گەڕانەوەشیان بۆ دابین دەکات.
بەگوێرەى زانیارییەکانى، بڕیارە یەکەم کاروانى گەڕانەوەى ئەو ئاوارانە کە ئەو پرۆگرامە دەیانگرێتەوە، لە 24ى ئەیلوول بگەڕێنەوە.
بۆ هاندانی گەڕانەوەی ئاوارەکان، بڕیارى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق وایە کە چوار ملیۆن دینار، بداتە هەر خێزانێک، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە لە مانگی تشرینی دووەمی 2025ـەوە ئەو پارەیە خەرج نەکراوە.
عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیاییى رایگەیاند، پێشتر خواست بۆ گەڕانەوەى خۆویستانە لە کەمپەکان کەم بووە و وەزارەتەکەیان هەڵمەتێکى هاندانی بۆ گەڕانەوە لە کەمپەکان ئەنجامداوە و لەدواى گەڕانەوەیان و هەرکات بودجەیان لەبەردەست بووە، ئەو چوار ملیۆن دینارەیان پێ دەدەن کە وەک هاوکارى بڕیارى پێدانیان دراوە.
لەو 270 هەزار ئاوارەى شنگال کە لە کەمپەکانن، 110 هەزاریان لەناو کەمپەکانن و ئەوانى دیکە لە دەرەوەى کەمپەکان دەژین.




