- تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، ئەو ئافرەتانەی ئازارێکی زۆری سووڕی مانگانەیان هەیە، نەک تەنیا لە رووی جەستەییەوە، بەڵکو لە رووی توانای مێشک و دەروونیشەوە رووبەڕووی کێشە دەبنەوە و کاریگەریی لەسەر تەرکیز، خێرایی بیرکردنەوە و ئاستی خۆبەکەمزانینیان دادەنێت.
دەرکەوت ئەو ئافرەتانەی ئازاری توندیان هەبوو، کێشەی کەمی متمانە بەخۆبوون و توانای ئەنجامدانی کاری رۆژانەیان هەبوو.
هەروەها، توانای تەرکیز و خێرایی بیرکردنەوەیان لە قۆناخی پێش دەستپێکردنی سووڕی مانگانەدا (قۆناخی لوتیاڵ) بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزی.
د.گۆکچەن ئاکیورێک،سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند، "ئەوەی زۆر سەرسامی کردین، بەردەوامی و فراوانیی کاریگەرییەکان بوو. ئەو ئافرەتانەی ئازاری سووڕی مانگانەیان هەبوو، نەک تەنیا هەستیان بە خراپی دەکرد، بەڵکو لە تاقیکردنەوەکانی توانای مێشکیشدا خراپتر بوون و ئاستی متمانەبەخۆبوون و کارەکانی رۆژانەیان نزمتر بوو."
ئەو پزیشکە گوتیشی، "دەرەنجامەکانمان دەریدەخەن کە ئازاری سووڕی مانگانە دەتوانێت کاربکاتە سەر تەرکیز، خێرایی بیرکردنەوە، متمانەبەخۆبوون و تەنانەت ئاستی ئەنجامدانی کارەکانی رۆژانە وەک خوێندن یان کارکردن. بە واتایەکی تر، ئەمە تەنیا ناڕەحەتی نییە، بەڵکو دەتوانێت شێوازی کارکردنی خەڵک لە ژیانی رۆژانەیاندا دیاری بکات."
توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە تەندروستیی سووڕی مانگانە وەک بابەتێک سەیر بکرێت کە کاریگەریی لەسەر ژیانی رۆژانە هەیە، نەک تەنیا وەک ئازارێک، بۆ ئەوەی ژینگەیەکی پاڵپشتیکار لە شوێنی خوێندن، کار و کەرتی تەندروستیدا دروست بکرێت.




