- تەندروستی
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە 866 ملیۆن کەس بە ژەهراویبوون بە خۆراک و خواردنەوەوە تووشی نەخۆشی دەبن و لەو ژمارەیەش ملیۆنێک و 500 هەزاریان گیان لەدەستدەدەن.
باوترین هۆکارەکانی ژەهراویبوون بە خۆراک و خواردنەوە
- بەکتریاکانی سالمۆنێلا، ئیکۆلای، لیستێریا، بڕوسێللا و بەکتریای گەدە - ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر A,E، ئینتیرۆڤایرۆس، نۆڕۆڤایرۆس، رۆتاڤایرۆس و هانتاڤایرۆس - مشەخۆر وەکو جیاردیا، تۆکسۆپلاسما و هێلکەی کرمەکان. خۆپاراستن لە ژەهراویبوون - شووشتنی دەستەکان. - شووشتنەوەی سەوزە و میوەکان. - نەخواردنی گۆشتی کاڵ. - نەخواردنی خۆراکی خراپبوو. - هەڵگرتنی خۆراک لەنێو ساردکەرەوە. - پاکڕاگرتنی ساردکەرەوە و چێشتخانەکان. - نەخواردنی خۆراکی سەر عەرەبانە و دەستگێڕەکان بەتایبەت لە وەرزی هاوین. - دوورکەوتنەوە لەو خۆراکانەی سەریان دانەپۆشراوە.
نیشانەکانی ژەهراویبوون بە خۆراک (لە 24 کاژێر بۆ 48 کاژێر دوای خواردنەکە روودەدەن) - سکچوونی ئاوی - لاوازی و بێهێزی - تا (هەندێکجار) - سکئێشە و ئاوسانی سک - رشانەوە و دڵتێکهەڵاتن - وشکبوونەوەی جەستە - سەرئێشە
زۆرجار تووشبووان دوای 24 کاژێر چاکدەبنەوە، بەڵام هەندێک جاریش بە تووندی تووشی ژەهراویبوون دەبن و دەبیتە مەترسیی بۆ سەر ژیانی تووشبووان.
نزیکەی 150 کەس لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر، دوای خواردنی شاورمە لە یەکێک لە عەرەبانەکانی سەر شەقام، ژەهراوی بوون و تووشی سکچوون و رشانەوە بوون.
یەکێک لەو کەسانەی ژەهراوی بووە بەی گوت، "کاژێر 11ـی شەو حەوت لەفەی شاورمەم هێنا، کە خواردمان هەستم کرد تامەکەی گۆڕاوە و وەکو جاران نییە، بەڵام گوێم پێنەدا. حەوت کەس لە خێزانەکەی من تووشی سکچوون و رشانەوە بوون''.




