دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی کۆریای باکوور رۆژی سێشەممە بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی ئەو وڵاتە سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەی چەکێک لە "جۆرێکی نوێ"کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم تاقیکردنەوەیە رەنگدانەوەی پێشکەوتنی بەردەوامی تواناکانی سەربازیی وڵاتەکەیەتی. ئەم راگەیاندنە دوو رۆژ دوای ئەوە هات کە هەریەک لە کۆریای باشوور و ژاپۆن ئاشکرایان کرد، پیۆنگیانگ دوو مووشەکی بالیستیی کورتمەودای بەرەو ئاوەکانی کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی هاویشتووە؛ هەنگاوێک کە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە سەرکۆنە کرا.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکوور (KCNA) رایگەیاند، فەرمانگەی مووشەکیی کۆریای باکوور رۆژی یەکشەممە بە ئامادەبوونی کیم جۆنگ ئوون "بە سەرکەوتوویی جۆرێکی نوێی چەکی تاقیکردەوە."
پیۆنگیانگ وردەکاری و سروشتی چەکە نوێیەکەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام ئاژانسەکە لە زاری کیمەوە بڵاویکردەوە کە ستایشی تاقیکردنەوەکەی کردووە و وەک "بەڵگەیەکی بەرچاو لەسەر تەکنەلۆجیای بەرگریی سەردەمیانە"ناوی بردووە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە کیم هۆشداریی داوە لەوەی ئەم توانایە دەبێتە هۆی تووشکردنی نەیارانی وڵاتەکەی بە "سەرئێشەیەکی بێچارەسەر و لێدانێکی کوشندە و حەتمی."
سەرۆکی کۆریای باکوور ئەم تاقیکردنەوەیەی گەڕاندەوە بۆ ئاستی ئامادەیی سەربازیی وڵاتەکەی و جەختی لەوە کردەوە کە هەبوونی ئەم جۆرە تەکنەلۆجیایە بۆ وڵاتەکەی گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ "ئامادەیی وڵات بۆ جەنگ و پەرەپێدانی داهاتووی هێزە چەکدارەکان."
سیئۆل ئەو هەڵدانانەی بە پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان زانی و داوای لە پیۆنگیانگ کرد دەست لە چالاکییە مووشەکییە بالیستییەکانی هەڵبگرێت، هاوکات ژاپۆن ناڕەزایەتییەکی فەرمیی پێشکێش کرد و تاقیکردنەوەکانی بە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە ناوبرد.




