دیجیتاڵ
ستانیسلاڤ ڤزیاتێک، جێگری وەزیری بەرگریی پۆڵەندا رایگەیاند کە وڵاتەکەی هەوڵ دەدات ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لەسەر خاکەکەی بگەیێنێتە 15 هەزار سەرباز، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی پێنجەمین وەرزی زستانی شەڕی رووسیا لە ئۆکراینا. رۆژی دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، جێگری وەزیری بەرگریی پۆڵەندا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (ئاڕ ئێم ئێف)ـی پۆڵەندی گوتی، "ئێمە باسی ژمارەی 15 هەزار سەرباز وەک ئامانجی سەرەکیمان دەکەین."
ئەو بەرپرسە روونیکردەوە کە بەپێی پلانەکە، نزیکەی 10 هەزار لەو سەربازانە بە شێوەی خولانەوە جێگیر دەکرێن، هاوکات لە نێوان 3 هەزار و 500 بۆ 5 هەزار سەربازیش بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە پۆڵەندا دەمێننەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە زیادکردنی ئەو هێزانە بە چەند قۆناخێک تاوەکو ساڵی 2039 دەبێت.
ڤزیاتێک دەڵێت، لەم کاتەدا لە نێوان 6500 بۆ 7000 سەربازی ئەمریکی بە شێوەی خولانەوە لە پۆڵەندان، ئەمەش کەمترە لە ژمارەی سەربازانی مانگی ئایاری رابردوو، دوای ئەوەی واشنتن بڕیاری کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی لە ئەورووپا دا.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "پێشکەوتنی گەورە"لەبارەی دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازیی هەمیشەییی ئەمریکا لە پۆڵەندا بەدەستهاتووە، سەرەڕای ئەوەی ئیدارەکەی سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە قەبارەی سەربازیی وڵاتەکەی لە وڵاتانی ئەورووپادا.
هەفتەی رابردووش دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا هۆشداریی دابوو لە ئەگەری روودانی "هەڕەشەی تێکەڵاو"لەلایەن رووسیاوە، لەوانەش هێرشی درۆن و مووشەک بۆ سەر هاوپەیمانانی ئۆکراینا و هەوڵەکانی تێکدانی ئاسایش.
پۆڵەندا کە ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپایە، یەکێکە لەو وڵاتانەی بەرزترین بودجەی بەرگری لەناو وڵاتانی ناتۆدا هەیە بەراورد بە قەبارەی ئابوورییەکەی، کە نزیکەی 5٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکەی بۆ کەرتی سەربازی تەرخان دەکات.




