Skip to content
krd24.netkrd24.net

لە رووسیا پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان دەستیپێکرد

لە رووسیا پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان دەستیپێکرد

دیجیتاڵ رۆژی هەینی، 18-09-2026، پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی 450 ئەندامی پەرلەمانی رووسیا (دوما)، ئەنجوومەنی 39 هەرێم و 11 پارێزگار لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە دەستیپێکرد و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.

لە مۆسکۆی پایتەخت، سەرەڕای ئەوەی پرۆسەکە لە کاژێر 08:00ی بەیانییەوە دەستیپێکردووە، بەڵام تاوەکو نیوەڕۆ رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە بنکەکاندا کەم بوو.

یوری دێروژینسکی، ئەندامی کۆمیسیۆنی خۆجێی هەڵبژاردن، بەی راگەیاند، "بەیانی زوو بەشدارییەکی باش هەبوو، بەڵام پێشبینی دەکەین لەمەودوا کەمتر بێتەوە، چونکە خەڵک زیاتر رووی لە دەنگدانی ئۆنلاین کردووە و پێمانوانییە لێشاوێکی گەورەی خەڵک روو لە بنکەکانی دەنگدان بکەن."

وەک هەڵبژاردنەکانی پێشوو، ئەمجارەش رکابەرییەکی جیددی لە گۆڕەپانەکەدا بەدی ناکرێت. نیکۆلای بیریوکۆڤ، مامۆستای زانکۆی مۆسکۆ، یەکێکە لەو دەنگدەرانەی هیوای بە مانەوەی حکومەتی ئێستا هەیە و دەڵێت: "هیوادارم ئەو حکومەتەی چارەکە سەدەیەکە وڵات بەڕێوەدەبات، لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. هەموومان چاوەڕێی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانین بە ئەنجامێکی ئەرێنی بۆ ئێمە."

بەڵام هەموو دەنگدەران متمانەیان بە دەنگدانی ئەلیکترۆنی نییە. ئەنتۆن کوریلۆڤ، فەرمانبەرێکی حکومییە و دەڵێت: "من باوەڕم بە دەنگدانی ئۆنلاین نییە و لە پرۆسەکە تێناگەم، بۆیە هاتم بۆ ئێرە. هیوادارم رووسیا رێگەی راست بگرێتەبەر و پارتی راست سەربکەوێت."

لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا 11 پارت بەشدارن، کە پێنجیان پارتە سەرەکییەکانی نێو پەرلەمانن و شەشی دیکەیان لە دەرەوەی پەرلەمانن. هاوکات دوو بەربژێری کوردیش کێبڕکێ بۆ بردنەوەی کورسیی دوما دەکەن.

پرۆسەی دەنگدان تاوەکو رۆژی یەکشەممە، 20-09-2026، بەردەوام دەبێت.

 

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news