Skip to content
krd24.netkrd24.net

سەرۆکوەزیرانی سوێد دوای شکستی لە هەڵبژاردنەکاندا دەستی لەکارکێشایەوە

سەرۆکوەزیرانی سوێد دوای شکستی لە هەڵبژاردنەکاندا دەستی لەکارکێشایەوە

دیجیتاڵ 

دوای جیاکردنەوەی هەموو دەنگەکان لە رۆژی پێنجشەممەدا، بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی چەپ لە سوێد بە جیاوازییەکی کەم هەڵبژاردنی گشتیی وڵاتەکەی بردەوە، بەڵام بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت رووبەڕووی گفتوگۆیەکی سەخت و پڕ لە گرێکوێرە دەبێتەوە.

کێ بردییەوە و جیاوازیی دەنگەکان چەند بوو؟ چوار پارتەکەی نێو بەرەی چەپ بە سەرکردایەتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی ماگدالینا ئەندەرسۆن، لە پەرلەمانە 349 کورسییەکەدا بە جیاوازیی تەنیا سێ کورسی پێش هاوپەیمانییە راستڕۆکەی ئولف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیران کەوتن.

دوای قبولکردنی شکستەکەی، کریستەرسۆن دەستی لە پۆستی سەرۆکوەزیران کێشایەوە. 

لە وڵاتێکدا کە 10.6 ملیۆن کەسی تێدا دەژی، جیاوازیی دەنگەکانی نێوان هەردوو بەرە تەنیا نزیکەی 50  هەزار دەنگ بووە.

بۆچی پێکهێنانی حکومەت کارێکی سەختە؟ بەرەی چەپ کە 176 کورسیی بەدەستهێناوە، لە چوار پارتی خاوەن بیروباوەڕی جیاواز پێکدێت کە ناکۆکیی لەنێوانیاندا هەیە، ئەنجامەکانیان بەم جۆرەن:

سۆسیال دیموکرات:  99 کورسیی بەدەستهێناوە. بەراورد بە ساڵی 2022، 8 کورسی لەدەستداوە. 

پارتی  چەپ: 30 کورسیی بەدەستهێناوە (6 کورسیی زیاد کردووە).

پارتی سەوز: 22 کورسیی بەدەستهێناوە (4 کورسیی زیاد کردووە). 

پارتی نێوەڕاست: 25 کورسیی بەدەستهێناوە (1 کورسیی زیاد کردووە). 

پارتی ناوەند بە هیچ جۆرێک ئامادە نییە بچێتە نێو حکومەتێکەوە کە پۆستی وەزاری بداتە پارتی چەپ. پارتی چەپ دەڵێت بەبێ وەرگرتنی کورسیی وەزاری لە کابینەکەدا، دەنگ بە حکومەت نادات.

ئەم ناکۆکییە وا دەکات ماگدالینا ئەندەرسۆن، کە لە نۆڤەمبەری 2021 تاوەکو ئۆکتۆبەری 2022 وەک یەکەمین ژن لە مێژووی سوێددا بووە سەرۆکوەزیران و ئێستا تەمەنی 59 ساڵە، ئەرکێکی قورسی لەبەردەمدا بێت بۆ رازییکردنی هەردوولا و چاوەڕوان دەکرێت دانوستاندنەکان چەندین هەفتە بخایەنن.

ئەگەر ئەندەرسۆن سەرکەوتوو نەبێت چی روودەدات؟ ئولف کریستەرسۆن دەستی لەکارکێشایەوە تاوەکو رێگە بدات سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ سەرکردەی پارتەکان دەست بە گفتوگۆ بکات، بەڵام ئەگەر ئەندەرسۆن نەتوانێت پارتەکانی لای خۆی یەکبخات، کریستەرسۆن ئامادەیە بگەڕێتەوە و هەوڵبدات زۆرینەیەکی دیکە لەنێو پارتە ناڕاستڕۆیەکاندا بدۆزێتەوە، بەتایبەت لە رێگەی راکێشانی پارتی ناوەند بۆ لای خۆی.

کاردانەوەی نێودەوڵەتی پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا یەکەم سەرکردەی ئەورووپا بوو کە پیرۆزبایی کرد و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "سۆسیال دیموکراسی هەڵبژاردنەکانی لە سوێد بردەوە. دوای چوار ساڵ لە حکومەتی راستڕۆکان، سوێدییەکان جارێکی دیکە دەنگیان بە حکومەتی خزمەتگوزار، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ژینگە دایەوە."

دوو سوپرایزی گەورەی هەڵبژاردنەکە 1.پارتی سۆسیال دیموکرات: سەرەڕای سەرکەوتنی، تەنیا 28%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا، کە ئەمە خراپترین ئەنجامی ئەو پارتەیە لە ماوەی زیاتر لە 100 ساڵی رابردوودا.

2.پارتی دیموکراتەکانی سوێد (دژە کۆچبەر): لە ساڵی 2010ـەوە کە چوونەتە پەرلەمان، ئەمە یەکەمین جارە دەنگەکانیان کەم بکات؛ بە جۆرێک دەنگەکانیان بۆ 17.5% دابەزی (3٪ کەمتر لە هەڵبژاردنی پێشوو).

پەرلەمانی سوێد لە زووترین کاتدا لە 29ـی ئەیلوول دەتوانێت دەنگ بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ بدات.

ئەنجامی بەرەی راستڕۆکان: 171 کورسی

پارتی مۆدێرەیت: 66 کورسی

دیموکراتەکانی سوێد: 70 کورسی

کرستیان دیموکراتەکان: 19 کورسی 

لیبڕالەکان: 16 کورسی

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news