Skip to content
krd24.netkrd24.net

یەکێتیی ئەورووپا پێشنیاز دەکات کەنەدا ببێتە یەکەمین ئەندامی نائەورووپی

یەکێتیی ئەورووپا پێشنیاز دەکات کەنەدا ببێتە یەکەمین ئەندامی نائەورووپی

دیجیتاڵ

ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا پێشنیازی کرد کەنەدا وەک "ئەندامی هاوبەش"بچێتە نێو یەکێتیی ئەورووپا، ئەمەش وەک یەکەمین ئەزموونی وەرگرتنی وڵاتێکی نائەورووپی لە مێژووی بلۆکەکەدا دادەنرێت.

ئەم دەستپێشخەرییە وەک وەڵامێکی راستەوخۆ بۆ شەڕی بازرگانیی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی کەنەدا لێکدەدرێتەوە. ترەمپ لە ماوەی رابردوودا بە تووندترین شێوە باجی گومرگی بەسەر کەنەدادا سەپاندووە و چەندین جار بە تەنزەوە داوای کردووە ببێتە 51ـەمین ویلایەتی ئەمریکا، بڕیاریشە لە کۆتایی ئەم مانگەدا باجی 50% بەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، شیرەمەنی و ماددە کحولییەکانی ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت.

ڤۆن دێر لاین لە گوتاری ساڵانەی خۆیدا لە پەرلەمانی ئەورووپا، بە ئاراستەکردنی پەیامەکەی بۆ مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، رایگەیاند: "لە جیهانێکدا کە پەیوەندی و لێکتێگەیشتنە کۆنەکان درزیان تێبووە، دیموکراسییەکان ئازادیی ئەوەیان هەیە هەڵبژێرن لەگەڵ کێدا کار دەکەن."

برۆکسل چی لە ئۆتاوا دەوێت؟ ئەم پێشنیازە لە رێککەوتنێکی بازرگانیی ئاسایی زۆر گەورەترە و ئامانج لێی یەکخستنی پیشەسازیی بەرگری، پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا، کەرتی وزە و هاوئاهەنگییە لە جەمسەری باکوور (ئارکتیک).

کەنەدا خاوەنی چەندین تایبەتمەندیی ستراتیژییە کە یەکێتیی ئەورووپا پێویستی پێیانە: چوارەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا: هەناردەی نەوتی بۆ ئەمریکا لە سەرجەم هەناردەکارانی دیکەی جیهان زیاترە.

کانزا دەگمەنەکان: لەنێو 5 وڵاتی یەکەمی جیهانە بۆ بەرهەمهێنانی 11 کانزای یەکجار گرنگ بۆ پیشەسازیی تەکنەلۆژیا و پاتری.

پێگەی ستراتیژیی جەمسەری باکوور: کە رووسیا و چین هەوڵی باڵادەستبوون دەدەن تێیدا.

پیشەسازیی بەرگری: کەنەدا یەکەم وڵاتی دەرەوەی ئەورووپایە کە بەشداریی لە پڕۆگرامی کڕینی چەکی هاوبەشی ئەورووپادا کردووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی کەنەدا، پار هەناردەی وڵاتەکە بۆ ئەمریکا 5.8% کەمی کردووە، لە بەرامبەردا هەناردەی بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان 17.2% زیادی کردووە؛ هەرچەندە هێشتا 71.7%ـی کۆی هەناردەی کەنەدا بۆ بازاڕەکانی ئەمریکایە.

بڕیارە رۆژی پێنجشەممە مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە پەرلەمانی ئەورووپا گوتارێک پێشکەش بکات؛ هاوکات لە 29 و 30ـی تشرینی یەکەمی داهاتوودا، شاری مۆنتریال میوانداریی لووتکەی کەنەدا و یەکێتیی ئەورووپا دەکات بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم هاوبەشییە مێژووییە.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news