Skip to content
krd24.netkrd24.net

وەزیری دەرەوەی عێراق: لەگەڵ بەرپرسانی بەرلین باسی مانەوەی هێزی ئەڵمانیا نەکراوە

وەزیری دەرەوەی عێراق: لەگەڵ بەرپرسانی بەرلین باسی مانەوەی هێزی ئەڵمانیا نەکراوە

دیجیتاڵ

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای وڵاتەکەی لە بەرلین باسی مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق نەکراوە، هاوکات هیوای خواست دوای 30ـی ئەیلوول و کشانەوەی ئەو هێزانە، دۆخی عێراق بە ئارامی بمێنێتەوە. رۆژی سێشەممە، 15ی ئەیلوولی 2026، لە وەڵامی پرسیارێکی ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی لە بەرلین سەبارەت بە ئەنجامی دیدار و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەڵمانیا، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: "کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرۆککۆمار، راوێژکاری ئەڵمانیا و نوێنەری کۆمپانیاکانیش زۆر باش بوون."

سەبارەت بەوەی ئایا لە گفتوگۆکاندا بەغدا داوای لە بەرلین کردووە هێزەکانی لە عێراق بهێڵێتەوە، فوئاد حوسێن گوتی: "باسی ئەوە نەکرا."

لەبارەی دۆخی عێراق و ئەگەری روودانی هەر پێشهاتێکی ئەمنی دوای 30ـی ئەیلوول، کە وادەی دیاریکراوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، وەزیری دەرەوەی عێراق بەی گوت: "هیوادارم هیچ روونەدات و دۆخەکە ئارام بێت."

ئەم لێدوانەی فوئاد حوسێن لە کاتێکدایە، شاندێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران سەردانی بەرلینی کرد. فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لە وەڵامیدا پشتڕاستیکردەوە کە لەسەر داوای بەغدا، لە 30ـی ئەیلوولدا کۆتایی بە بوونی سەربازییان لە عێراق دەهێنن.

 

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news