دیجیتاڵ
پشکنەری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە یەکەمین راپۆرتی فەرمیی خۆیدا بۆ کۆنگرێس رایگەیاند، بەهۆی جەنگی ئێرانەوە کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیی ئەمریکا تووشی کورتهێنانی ستراتیژی بوونەتەوە و کەرتی پیشەسازیی سەربازی ناتوانێت بە خێرایی قەرەبوویان بکاتەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، تێچووی ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی داستانئاسا) لە نێوان 28ـی شوبات تاوەکو 30ـی حوزەیران، بە 33.4 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، کە تەنیا 22.3 ملیار دۆلاری تێچووی ئەو تەقەمەنییانە بووە کە لە هێرشەکاندا بەکارهێندراون.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "خەرجکردنی بێوێنەی تەقەمەنی لەم ئۆپەراسیۆنەدا بووەتە هۆی دروستبوونی کورتهێنانی ستراتیژی لە کۆگاکاندا، هاوکات کەموکوڕی و تەنگژەی گەورەی لە بنکەی پیشەسازیی سەربازی بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکان ئاشکرا کردووە."
زیانەکانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا
راپۆرتەکەی پێنتاگۆن زیانە ماددی و فڕۆکەوانییەکانی سوپای ئەمریکای لە کاتی جەنگەکەدا ئاشکرا کردووە، کە بەمشێوەیەن:
تێکشکاندنی 4 فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف-15.
زیانگەیشتن بە 1 فڕۆکەی پێشکەوتووی جۆری ئێف-35.
زیانگەیشتن بە 7 فڕۆکەی سووتەمەنیپێدەری جۆری کەی سی-135.
تێکشکاندنی نزیکەی 30 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی جۆری ئێم کیو-9 ریپەر.
ئەم زانیارییانەی پێنتاگۆن لەکاتێکدان کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام کەمبوونەوەی چەک رەتدەکاتەوە و رایگەیاندووە وڵاتەکەی بڕێکی "نزیک لە بێسنوور"تەقەمەنی هەیە. ترەمپ لە تۆڕی (ترووس سۆشیاڵ) رایگەیاند، ئێستا ئەمریکا "لە هەر کاتێکی دیکەی مێژوو، چەکی ناوازەتر بەرهەمدەهێنێت."
لە بەرامبەردا، میدیاکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای ئەمریکا نزیکەی 80%ـی کۆگاکانی مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی ناسراو بە "تاد (THAAD)"ـی بەکارهێناوە. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە 24 کاژێری یەکەمی جەنگەکەدا زیاتر لە 1,000 ئامانجی لەنێو ئێران بۆردوومان کرد، بەڵام دواتر لە درێژەی مانگەکاندا نەیتوانیوە هێرشی لەو شێوەیە گەورە دووبارە بکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران زیانی گەورەیان بە سەتان باڵەخانە و پێکهاتەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی (کوێت، بەحرێن، قەتەر، ئیمارات، سعودیە، عێراق، عومان و ئوردن) گەیاندووە.
پێنتاگۆن تێچووی زیانی ئەو بنکانەی نەخستووەتە نێو ئەم خەمڵاندنە داراییەوە، بەو پێیەی هێشتا یەکلانەبووەتەوە کە کام لەو بنکانە نۆژەندەکرێنەوە و کێ تێچووەکەیان لە ئەستۆ دەگرێت.




