Skip to content
krd24.netkrd24.net

عێراق و فەرەنسا شەش رێککەوتنیان واژۆکرد؛ زەیدی بۆ پرسی بەرگری و وزە لە ئەورووپایە

عێراق و فەرەنسا شەش رێککەوتنیان واژۆکرد؛ زەیدی بۆ پرسی بەرگری و وزە لە ئەورووپایە

دیجیتاڵ

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە یەکەم وێستگەی گەشتەکەیدا بۆ ئەورووپا، سەردانی فەرەنسای کرد و لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوو وڵات شەش یاداشتی لێتێگەیشتنیان لە بوارەکانی بەرگری، وزە و فڕۆکەوانیی مەدەنیدا واژۆکرد.

لە کۆشکی ئیلیزێ لە پاریس، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پێشوازیی لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، بەهێزکردنی تواناکانی سوپای عێراق، وزە و پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و پاریس، بەتایبەتی دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە 30ی ئەیلوول، تاوتوێ کران.

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، رایگەیاند، "گرنگیی ئەم سەردانە دوو رەهەند لەخۆدەگرێت. یەکەمیان لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان پاریس و بەغدا و ئاستی هاوکارییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت. رەهەندی دووەمیش، گرنگیی کاتەکەیە لەم قۆناخەی ناوچەکە و جیهانی پێدا تێدەپەڕێت."

دوای کۆبوونەوەکان، زەیدی و ماکرۆن سەرپەرشتیی واژۆکردنی شەش یاداشتی لێتێگەیشتنیان کرد. گرنگترین لێتێگەیشتنەکان تایبەت بوون بە هاوئاهەنگیی ستراتیژی لە بواری بەرگریی سەربازی، دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق، هاوکاری لە بواری فڕۆکەوانیی مەدەنی و دابینکردنی گاز لەلایەن کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنەرجیزەوە بۆ کەرتی کارەبا لە باشووری عێراق.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئاماژەی بە گرنگیی رێککەوتنەکان کرد و رایگەیاند کە ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری و سەربازیی عێراق.

فەرهاد عەلادین، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، گوتی، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ساڵانەی نێوان عێراق و فەرەنسا زیاتر لە دوو ملیار دۆلارە، کە زۆرینەی هەناردەی نەوتی عێراقە بۆ فەرەنسا.

یەکەم گەشتی ئەوروپیی عەلی فالح زەیدی بە فەرەنسا دەستیپێکرد و بڕیارە رۆژی 15ی ئەیلوول سەردانی ئەڵمانیا بکات. بەرگریی سەربازی، وزە و قۆناخی دوای کشانەوەی هاوپەیمانان، گرنگترین ئەو پرسانەن کە سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵدەدات لەگەڵ ئەوروپییەکان بگاتە لێتێگەیشتن و رێککەوتنی لەسەر.

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news