Skip to content
krd24.netkrd24.net

ترەمپ لەبارەی ژیریی دەستکردەوە: پیلانگێڕییەکی نەخۆش لە ئارادایە و تەنیا چین لێی سوودمەند دەبێت

ترەمپ لەبارەی ژیریی دەستکردەوە: پیلانگێڕییەکی نەخۆش لە ئارادایە و تەنیا چین لێی سوودمەند دەبێت

دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی تووندی لەوە دەگرێت کە بە "پیلانگێڕییەکی نەخۆش"دژی ژیریی دەستکرد ناوی برد، هەروەها هەموو داواکارییەکی بۆ دانانی رێکار و سنووردارکردنی ئەو تەکنەلۆجیایەی رەتکردەوە.

رۆژی دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، ترەمپ لە تۆڕی (تروس سۆشیال) نووسی، پێویستە ئەمریکا لە بواری ژیریی دەستکرددا بە پێشەنگی بمێنێتەوە تاوەکو بەسەر چیندا سەربکەوێت کە رکابەرە سەرەکییەکەیەتی. هاوکات هێرشی کردە سەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەنترۆپیک، ئەوەش دوای ئەوەی داوای خاوکردنەوەی پەرەپێدانی ئەو تەکنەلۆجیایەی کردبوو.

ترەمپ دەڵێ، "تاکە کۆنترۆڵ یان بەربەست کە ژیریی دەستکرد پێویستی پێیەتی، سەرۆکێکی بەهێز و ژیرە، ئەمریکاش ئەوەی بە تەواوی هەیە."

سەرۆکی ئەمریکا لە هەفتەی رابردووەوە چەندینجار هۆشداریی سەرکردەکانی کەرتی تەکنەلۆجیای لەبارەی مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد رەتکردووەتەوە و دەڵێت، سەپاندنی رێکاری حکومی لەلایەن ئەمریکاوە دەرفەت بە بەیژینگی رکابەری دەدات پێش بکەوێت.

ترەمپ لە پۆستەکەیدا هەروەها نووسیویەتی، "پیلانگێڕییەکی نەخۆش لە دژی ژیریی دەستکرد و سەنتەرەکانی داتا لە ئارادایە، تاکە لایەنێکیش کە بەمە دڵخۆشە، چینە."

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەرکەسێک لە کێبڕکێی ژیریی دەستکرددا بباتەوە، هەموو شتێک دەباتەوە! ئێمە لە پێش چین و هەمووانین و بەردەوام دەبین لە پێشەنگبوون. پیلانگێڕان، خیانەتکاران و دزەپێکەرانی زانیاری، وریا بن."

ترەمپ هێرشی کردە سەر داریۆ ئامۆدێی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەنترۆپیک، کە رۆژی شەممە داوای لە کۆمپانیاکان کردبوو خێرایی پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد کەم بکەنەوە؛ داواکارییەک کە لەلایەن سام ئاڵتمان بەڕێوەبەری ئۆپن ئەی ئای و ئیلۆن مەسکیشەوە پشتیوانیی لێکرا.

ترەمپ لەوبارەیەوە نووسیویەتی، "ئیدارەی ترەمپ رێگری لە کەسانی بواری ژیریی دەستکرد کردووە کاری خراپ بکەن، وەک داریۆ کە ئێستا خۆی وەک فریشتەیەکی بێتاوان پێشان دەدات."سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ ئێرلەندا چەندین جار پرسیاری لەبارەی هەڕەشەکانی ژیریی دەستکرد لێکرا، بەڵام داواکارییەکانی بۆ دانانی یاسا و رێسا رەتکردەوە.

رۆژی یەکشەممە لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی (ئێر فۆرس وەن)، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت، هەفتەی رابردوو راستەوخۆ لە کەسایەتییە باڵاکانی کەرتی تەکنەلۆجیاوە گوێی لە نیگەرانییەکان بووە.

کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا بە کەم سەیری مەترسییەکان دەکات، ترەمپ لە وەڵامدا گوتی، "نەخێر، بە کەم سەیری ناکەین، بەڵام دەزانن کە سوودەکانی زۆر زۆر لە زیانەکانی زیاتر دەبن."

Source: krd24.netVia: Rudaw

Related news