سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا جەخت لەوە سەرکەوتنی سزاکانی بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران دەکاتەوە، دەسەڵاتدارانی تاران دەڵێن: هێشتا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی پایتەختەوە گەشت بۆ نزیکەی 30 وڵاتی جیهان دەکرێت.
لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە، واشنتن سزای بەرفراوانی بەسەر تەواوی کەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا سەپاند، بە گوتەی سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئامانج لێی "خنکاندنی ئابووری"کۆماری ئیسلامییە. ئەمریکا تاوەکو 23ـی ئەیلوولی دیاری کردبوو بۆ ئەوەی کۆمپانیا بیانییەکان پابەندی بڕیارەکە بن و هۆشداری درابوو هەر لایەنێک خزمەتگوزاری، سووتەمەنی، یان تکت بۆ فڕۆکە ئێرانییەکان دابین بکات، لە سیستەمی دارایی دۆلار دەردەکرێت.
لە بەرامبەردا، ئێران ئەو رێکارانەی بە نایاسایی ناوبرد و سکاڵای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای دادی نێودەوڵەتی تۆمار کرد.
کەمبوونەوەی بەرچاوی گەشتە ئاسمانییەکان
بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی "فلایت رادار 24"، یەکشەممە تەنیا 41 فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی تاران نیشتوونەتەوە یاخود فڕیون، لە کاتێکدا پێش سەپاندنی سزاکان تێکڕای گەشتەکان رۆژانە لە نێوان 80 بۆ 90 گەشت بووە. کۆمپانیا سەرەکییەکانی وەک "ئێران ئێیر"ی حکوومی و "ماهان ئێیر"ی تایبەت زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، بە شێوەیەک ماهان ئێیر تەنیا 5 گەشت لە کۆی 24 گەشت و ئێران ئێیریش تەنیا دوو گەشتی ئەنجامداوە، ئەمەش پاشەکشەیەکی گەورەیە بەراورد بە رابردوو. سەرەڕای ئەمەش، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی تاران رایگەیاندووە، هێشتا دەتوانن گەشت بۆ زیاتر لە 30 شوێنی نێودەوڵەتی دابین بکەن.
هەڵوێستی چین، رووسیا، تورکیا و وڵاتانی کەنداو
چین وەک هاوپەیمانێکی ئابووریی تاران سزاکانی بە "نایاسایی و تاکلایەنە"وەسف کردووە و گەشتەکانی کۆمپانیای ماهان بۆ فڕۆکەخانەکانی چین بەردەوامن، هاوشێوەی رووسیا و پاکستان. لە تورکیاش بە داوای دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە گەشتەکانی ماهان راگیراون، بەڵام ئێران ئێیر و چەند کۆمپانیایەکی بچووکتر بەردەوامن لە گەشتەکانیان بۆ ئیستەنبوڵ و شارەکانی دیکە. لە هەمان کاتدا وڵاتانی ئەرمینیا، ئەفغانستان، بێلاڕووس و مالیزیا هێشتا سزاکانیان جێبەجێ نەکردووە.
لە بەرامبەردا، ئیمارات هەموو گەشتەکانی لەگەڵ ئێران تا کاتێکی نادیار راگرتووە، کووەیتیش پێشتر گەشتەکانی قەدەغە کردبوو، هاوکات فڕۆکەخانەکانی دیکەی وڵاتانی کەنداویش بە بێدەنگی گەشتەکانیان هەڵپەساردووە.
هەوڵەکانی عێراق بۆ بەدەستهێنانی لێخۆشبوون
بەپێی میدیا ئێرانییەکان، بەهۆی سزاکانەوە گەشتەکان بۆ ئازەربایجان، جۆرجیا و عێراق پەکخراون. لەم نێوەندەدا بەغدا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی بەشێک لە فڕۆکەخانەکانی لە سزاکانی ئەمریکا ببەخشرێن.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد،، گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەستیانپێکردووە تاوەکو بەهۆی هۆکاری مرۆیی، خوێندنی قوتابیان، چارەسەری پزیشکی و گەشتی مەزارگە ئایینییەکان، گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران دەستپێبکەنەوە، بەوپێیەی فڕۆکە ئێرانییەکان ساڵانە سەدان هەزار کەس لە هاووڵاتییانی هەردوو وڵات دەگوازنەوە.
هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند،، ئەمریکا تاوتوێی ئەوە دەکات بۆ ماوەی مانگێک بە هۆکاری سەردانی زیارەتکارانی شیعە بۆ مەزارگەکانی عێراق، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تاران و نەجەف رێگە پێبدات و سزا لەسەر ئەو فڕۆکەخانەیە هەڵبگرێت.
لەو چوارچێوەیەشدا، ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی ئەیلوول 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە رێگەی فڕۆکەخانەی نەجەف دەستپێبکاتەوە.




