دادگای بەرایی رەسافە لە بەغدا، بڕیاری دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی تاکلایەنەی رێککەوتنی دارایی نێوان دەستەکە و کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی پووچەڵکردەوە و بڕیاری دا دەستبەجێ کار بە گرێبەستەکەی نێوانیان بکرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە راگەیەندراوێکدا بە ناونیشانی “دادپەروەری سەردەکەوێ” بڵاویکردەوە، دوابەدوای ئەوەی لە رێکەوتی 2ـی حوزەیرانی 2024، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بە شێوەیەکی تاکلایەنە گرێبەستی یەکلاکردنەوەی دارایی (التسویة المالیة)ـی نێوانیانی هەڵوەشاندەوە، کۆمپانیاکە پەنای بردە بەر دادگا و سکاڵای یاسایی لە دژی دەستەکە تۆمار کرد.
بەپێی راگەیەندراوەکە، دادگای بەرایی رەسافە بڕیاری داوە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دەستەی راگەیاندن و گەیاندن، هاوکات بڕیاریشی داوە بە کارکردنەوەی دەستبەجێ بە گرێبەستی یەکلاکردنەوەی نێوان هەردوولا، کە لە 23ی ئەیلوولی 2023 واژوو کرابوو.
کۆڕەک تیلیکۆم وێڕای پێشوازیکردن لە بڕیارەکەی دادگا، رایگەیاندووە "پەنابردنی سەرەتامان بۆ دادگا لەسەر بنەمای باوەڕبوون بووە بە سەروەریی یاسا و رێزگرتن لە دەزگا دادوەرییەکان، کە ئەمەش تاکە رێگەی دروستە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان و پاراستنی مافەکان."
لە راگەیەندراوەکەدا، کۆڕەک سوپاسی خۆڕاگریی بەشداربووانی کردووە بەرامبەر ئەو فشارانەی لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووی کۆمپانیاکە بوونەتەوە و جەختی کردووەتەوە کە بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە مافەکانیان دەکات.
هەروەها کۆمپانیاکە داوای لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندن کردووە "لاپەڕەیەکی نوێی دوور لە ناکۆکی بکاتەوە بێ دانانی کۆسپ لەدوای کۆسپ، بۆ ئەوەی بەیەکەوە کەرتی پەیوەندییەکان و گەیاندن گەشەی پێبدرێت، بە جۆرێک لەگەڵ یاسا و رێزگرتن لە بڕیارەکانی دادگا بگونجێت و دوور بێت لە هەر ڕێوشوێنێکی ستەمکارانە کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی ناکات."




