بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ئاشکرای کردووە، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەیی نیشانداوە سزاکانی سەر ئێران سووک بکات و دەست بەسەرداگرتنی پارە و داراییە سڕکراوەکانی ئەو وڵاتە هەڵبگرێت.
دووشەممە 28ـی ئەیلوولی 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەیی نیشانداوە سزاکانی سەر ئێران سووک بکات و دەست بەسەرداگرتنی پارە و داراییە سڕکراوەکانی ئەو وڵاتە هەڵبگرێت، ئەگەر بێتو تاران هەنگاوی کرداری لە بەرەوپێشبردنی گفتوگۆکانی دۆسیەی ئەتۆمیدا بنێت.
ئەو لێدوانە لە کاتێکدایە کە پرسی سەروەت و سامانە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، یەکێکە لە گرنگترین تەوەرەکانی دانوستان و داواکارییە سەرەکییەکانی تاران؛ بەپێی گوتەی بەرپرسە ئەمریکییەکە، دۆناڵد ترەمپ بەستنەوەی ئەم دۆسیەیە بە کەمکردنەوەی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، ئەم پەیامەی واشنتن هاوکاتە لەگەڵ هەوڵی نوێی نێوەندگیرە قەتەری و پاکستانییەکان بۆ راگرتنی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات. لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە ئەمڕۆ لە نیویۆرک، نێوەندگیرەکان لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازێکی دەوحە، و لە دواتریشدا لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ کۆدەبنەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
هەرچەندە بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کردووە کە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان ئەرێنی و بنیاتنەر بوون و تاران نەرمی لە هەڵوێستە ئەتۆمییەکانیدا نیشانداوە، بەڵام بۆچوونی هەردوولا لەسەر ئەولەویەتی بابەتەکان زۆر لە یەکترەوە دوورە.
تاران پێداگری دەکات کە پێویستە گفتوگۆکان سەرنج بخەنە سەر کردنەوەی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، لە بەرامبەردا واشنتن جەخت دەکاتەوە کە "هیچ رێککەوتنێک بەبێ سازشی کرداریی تاران لە دۆسیەی ئەتۆمیدا ناکرێت."هاوکات خاڵێکی دیکەی ناکۆکی بریتییە لە دیاریکردنی کاتی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و یەکلاکردنەوەی ئەوەی کام لایەن هەنگاوی یەکەم بنێت.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ڕایگەیاندووە: "گەمارۆ ئابووری و دەریاییەکان رۆژ بە رۆژ توانای ئێران دادەڕمێنن، لە بەرامبەردا پێگەی ئەمریکا بەهێزتر دەبێت. ترەمپیش ئارامگرە و بە تەواوی پابەندە بەو ئامانجەی کە تاران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەستنەهێنێت."
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، کۆشکی سپی بە گومانەوە لە بەڵێنەکانی ئێران دەڕوانێت، بەتایبەت پاش ئەوەی لە مانگی تەممووزی رابردوودا تاران بە تەقەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز لە یاداشتی لێکتێگەیشتن پاشەکشەی کرد، هەربۆیە واشنتن ئەمجارە داوای "گەرەنتیی ڕاستەقینە"دەکات تاوەکو دڵنیابێتەوە ئێران دەیەوێت بە جددی کێشەکان چارەسەر بکات، نەک تەنیا بەدەستهێنانی دەرفەت بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکە.
هاوکات بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی بلوومبێرگ، بەرپرسانی ئێرانی گەشبین نین بەوەی تا بەر لە هەڵبژاردنەکانی 3ی تشرینی دووەم بتوانن لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا بگەنە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و گرژییە سەربازییەکان و کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی گەشتە بازرگانییەکاندا.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو گفتوگۆیانەی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەڕێوەچوون پێشکەوتنی زۆر کەمیان بەدەستهێناوە. هەروەها داواکارییەکان بۆ سازشی تاران لە دۆسیەی ئەتۆمیدا و شێوازی کردنەوەی گەرووی هورمز وەک دوو کۆسپ و گرێکوێرەی سەرەکی لەبەردەم سەرکەوتنی دانوستانەکاندا ماونەتەوە.
هەرچەندە ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە رێگەی لایەنە نێوەندگیرەکانەوە تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی پێیان وایە کەلێنی نێوان هەڵوێستی هەردوولا ئەوەندە گەورەیە کە رێگە بە هیچ دەستکەوتێکی دیپلۆماسیی خێرا لە کاتێکی نزیکدا نادات.
کەمبوونەوەی هیوای گەیشتن بە چارەسەرێکی نزیک و بەردەوامیی ناکۆکییەکان لەسەر ئاسایشی گەرووی هورمز، راستەوخۆ کاریگەریی نەرێنی خستووەتە سەر بازاڕەکانی وزە؛ بە جۆرێک نرخی نەوتی خاوی برێنت بەربەستی 106 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک شکاند، ئەوەش بەهۆی نیگەرانییەکان لە پچڕانی درێژخایەنی هەناردەکردنی نەوت لە ناوچەی کەنداوەوە.
هەروەها بەرپرسێکی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ی پشت راستکرد، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیە سزاکانی سەر ئێران سووک بکات و دەست بەسەرداگرتنی سەروەت و سامانە سڕکراوەکانی هەڵبگرێت، بەو مەرجەی تاران لە دۆسیەی ئەتۆمیدا هەنگاوی بەرچاو و کرداری بنێت.
بەپێی زانیاریی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە، گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان کە لە رێگەی لایەنە نێوەندگیرەکانەوە لەنێوان هەردوو وڵاتدا بەڕێوە دەچن، بە شێوەیەکی گشتی "ئەرێنی و بنیاتنەر"بوون و ئاسۆیەکی باشتریان بۆ لێکتێگەیشتن دروست کردووە.
بەرپرسانی واشنتن ئاماژەیان بەوە کردووە، شاندی دانوستانکاری ئێران لە ماوەی گفتوگۆەکان لەبارەی چەند پرسێکی پەیوەست بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی، نەرمی نیشانداوە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ نزیکبوونەوە لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەقەڵەم دراوە.
سەرەڕای پێشکەوتنەکان و لێکنزیکبوونەوەی هەڵوێستەکان، ئەو بەرپرسە ئاشکرای کردووە کە هێشتا گرێکوێرەیەکی سەرەکی لەبەردەم رێککەوتنی کۆتاییدا ماوە، ئەویش پرسی "خشتەی کاتیی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانە".
بەپێی زانیارییەکان، هەردوولا لەسەر ئەوە ناکۆکن کە کام لایەن دەبێت پێشتر هەنگاوی کرداری بنێت؛ ئایا واشنتن لە پێشدا پارە سڕکراوەکان ئازاد بکات و سزاکان کەم بکاتەوە، یان تاران دەستپێشخەری بکات لە کەمکردنەوەی پیتاندن و چالاکییە ئەتۆمییەکانی.




