سوپا سالاری ئێران و فەرماندەی بارەگای ناوەندیی "خاتەمولئەنبیا"، لە پەیامێکدا بەبۆنەی دووەمین ساڵیادی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی پێشووی حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، هێزەکانیان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ وەڵامدانەوەی توند بۆ هەر هەڕەشەیەک.
دووشەممە 28ـی ئەیلوولی 2026، عەلی عەبدوڵڵاهی، سوپاسالاری ئێران و فەرماندەی بارەگای ناوەندیی "خاتەمولئەنبیا"لە پەیامەکەیدا رایگەیاند،، "ئیسرائیل و ئەمریکا وا بیریان دەکردەوە بە لەناوبردنی جەستەییی حەسەن نەسروڵڵا، کۆڵەکەی سەرەکیی بەرەی مقاوەمە دەڕووخێت، بەڵام هاوکێشە و پێشبینییەکانی دوژمن جارێکی دیکە تووشی شکست هاتن".
سوپاسالاری ئێران روونیکردەوە، بەرەی مقاوەمە نەک هەر لاواز نەبووە، بەڵکو گەیشتووەتە یەکگرتووییەکی ستراتیژیی ئاشکرا و نهێنی، و رێبازی نەسروڵڵا لە لوبنان، فەلەستین، یەمەن و عێراق و سەرجەم ناوچەکانی دیکەی مقاوەمە بە پتەوی و بەهێزی بەردەوام دەبێت.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە پاڵ چەکدارانی مقاوەمەی ئیسلامیدا بە ئامادەییی تەواوەوە وەستاون، بۆ ئەوەی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و وێرانکەر بە هەر چەشنە هەڕەشەیەک بدەنەوە کە بکرێتە سەر ئوممەتی ئیسلامی.
ئەم قسانەی سوپاسالاری ئێران دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی هەواڵی "فۆکس نیوز"گوتی: "پێموایە زۆر بەمزووانە لە جەنگی دژ بە ئێران سەرکەوتن بەدەست دەهێنین. دوای ئەم سەرکەوتنەش، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دادەبەزێتەوە بۆ ئاستەکانی پێش جەنگ."
سەبارەت بە پرسی بەرنامەی ئەتۆمی تاران، سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە: "خاڵ و کلیلی بنەڕەتی ئەوەیە کە نابێت ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، ئێستاش وەڵامدانەوەی ئەتۆمی بووەتە کلیل و جەوهەری تەواوی ئەم پرسە."
ترەمپ رایگەیاند، وڵاتەکە لە دوو بەرەی گرنگدا باڵادەستە و گوتی: "ئێمە لە هەردوو بەرەی سەربازی و ئابووریدا لە بەرامبەر ئێران سەرکەوتن تۆمار دەکەین. لە رووی سەربازییەوە، لە راستیدا ئێمە سەرکەوتووین، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئۆپەراسیۆنەکان راگیراون، بەڵکو بەردەوامین و سەرکەوتنێکی یەکجار گەورە بەدەستدەهێنین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ رایگەیاند، دۆخی ناوخۆی تاران و رایگەیاند: "ئابووریی ئێران بە تەواوی کۆتایی هاتووە و شتێک نەماوە بە ناوی ئابووری، دراوەکەیان بێبایەخ بووە و رێژەی هەڵاوسانیش نزیک دەبێتەوە لە 300%ـەوە، سوپاکەیان تێکشکاوە و ئابوورییەکەیان داڕماوە، بە کورتی ئەوان لە دۆخێکی زۆر سەخت و چەقبەستوودان."
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان و گەڕاندنەوەی بژاردەی سەربازی بۆ سەر مێز پێش وادەی هەڵبژاردنەکان، ترەمپ ئامادە نەبوو بە تەواوی رەتی بکاتەوە و گوتی: "ئەوە ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام بە سادەیی ئێستا نامەوێت ئەوە پشتڕاستبکەمەوە."




